فەردین فەتحی، خەڵکی دێولان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران بۆ بەندیخانە گواسترایەوە

٢٣ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٨:١٤


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢

فەردین فەتحی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی دێولان، کە بەشێوەی مەرجدار ئازاد کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی سزای ٥ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مانگی ڕابردوو، فەردین فەتحی، تەمەن ٣٦ ساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی دێولانەوە سزای ٥ مانگ بەندکران و ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ٤ مانگ و پێنج ڕۆژ لە سزای بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت و ماوەی بەندکراوی پێشووی بۆ هەژمار کراوە و ناوبراو بۆ تێپەڕاندنی ئەم ماوە دیاریکراوە بۆ بەندیخانەی قوروە گواستراوەتەوە.

فەردین فەتحی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە شوێنی کارەکەی (دەرمانخانە) دەستبەسەرکرا و دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک ڕاگیران و لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا، بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترابووەوە.

ئەم هاووڵاتییە، دوای تێپەڕاندنی سێ حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی، ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە دانانی بارمتە بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە