ڕفاندنی چوار هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی عوسمان ئەرەس زادە، هەژار مەحموودیان و فەرحان حەسەن زادە و هەروەها سەنعان قادرزادە (قالان) خەڵکی گوندی "گوندەوێڵە" سەر بەم.

٢٨ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٠:٥٠


هەنگاو: چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی عوسمان ئەرەس زادە، هەژار مەحموودیان و فەرحان حەسەن زادە و هەروەها سەنعان قادرزادە (قالان) خەڵکی گوندی "گوندەوێڵە" سەر بەم شارە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی هێزە ئەمنییەکان، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی سێشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٧ی جەنیوەری ٢٠٢٣) هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عوسمان ئەرەس زادە، هەژار مەحموودیان و سەنعان قادرزادە و هەر سێ کەسەکەیان ڕفاندووە.


هەروەها ڕۆژی سێشەممە فەرحان حەسەن زادە، لە بازگەی پشکنینی "نەڵیوان» ی شنۆ، دوای لێدان و کوتانی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عوسمان ئەرەس زادە، تەمەن ٥٩ ساڵ، هەژار مەحموودیان تەمەن ٣٨ ساڵ و سەنعان قادرزادە، دوای ڕفاندنیان بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە گواستراونەتەوە.


ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند: نزیک بە ٣٠ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعات بە ٥ ئۆتۆمبێلی جۆری "هایلۆکس" هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم سێ هاووڵاتییە و ئەوانیان داوەتە بەر لێدان و کوتانی دڕندانە."


شیاوی ئاماژە پێدانە، کە عوسمان ئەرەس زادە، وەک بەندکراوی سیاسیی پێشوو، پێشتریش لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابوو.


هەتا ئێستا، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ڕاگیران و تەندروستی ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە