ڕفاندنی هەشت هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەشت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فرووتەن گورگانی و عادڵ ئەحمەدی خەڵکی کامێران، سەعید سەدر خەڵکی سەراوڵە، حە

٣٠ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٩:٣٧


هەنگاو: هەینی، ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەشت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فرووتەن گورگانی و عادڵ ئەحمەدی خەڵکی کامێران، سەعید سەدر خەڵکی سەراوڵە، حەسەن کووهی خەڵکی سەردەشت، ئیرەج ئیبراهیمزادە خەڵکی مەهاباد، شایان سادقی خەڵکی دێولان، سادق ئاهەنگەری و جەلال محەممەد کەریمی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣) دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی فرووتەن گورگانی، چالاکی ژینگەپارێز و خەڵکی گوندی "ماراو" و عادڵ ئەحمەدی، خەڵکی گوندی "ئەڵک"ی سەر بە شاری کامێران، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامێران، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی فرووتەن گورگانی و دەستیان بەسەر کەلوپەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراو و هەروەها مۆبایلی خۆی و هاوژینەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان مۆبایلەکانیان بردووە.

هەر لەو ڕۆژەدا مامۆستا حەسەن کووهی، پێشنوێژی شارۆچکەی میراوێ سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

لە درێژەی ئەم ڕەوتە دیسان ڕۆژی پێنجشەممە، سەعید سەدر، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەراوڵە لە پارێزگای ئیلام، لە ماڵی خۆی و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی شایان سادقی، خەڵکی شاری دێولان و ڕفاندوویانە. هاوڕێیەکی نزیکی ناوبراو بە شادمان ئەحمەدی، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتدا گیانی لەدەست دا.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٧ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئیرەج ئیبراهیمزادە و خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.


ڕۆژی یەکشەممە، ٢۵ی بەفرانبار (١۵ی جەنیوەری)، سادق ئاهەنگەری و جەلال محەممەد کەریمی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لە ماڵەکانی خۆیان و لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس، بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە