شکانی لاقی بابەک کەریمی، لاوی خەڵکی ئەیوان بەهۆی ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکان

بابەک کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام لە چوارەمین مانگی دەستبەسەربوونیدا کە بەردەوام ئەشکەنجە کراوە، لەم دوایییانەدا بەهۆی ئ

٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٠٩:٤١


هەنگاو: یەکشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

بابەک کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام لە چوارەمین مانگی دەستبەسەربوونیدا کە بەردەوام ئەشکەنجە کراوە، لەم دوایییانەدا بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە ئێسکی لاقی شکاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بابەک کەریمی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوان، بە تۆمەتی "ڕێبەریی ناڕەزایەتییەکان" و "هاندانی خەڵک بۆ لابردنی حیجابی زۆرەملێ"، چوار مانگە لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی ناوەندە حکوومەتییەکاندایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری ئەیوان، ئەو لاوە کوردە پاش ئەوەی کە سەرەوژوور هەڵیانواسیوە بە سرمیچی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات و ئەشکەنجەیان کردووە، ئێسکی لاقی ناوبراو شکاوە.


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵە و کەسوکاری بابەک کەریمی کردووە و بەردەوام گوشاریان بۆیان هێناوە کە نابێت بارودۆخی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەکانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.


بابەک کەریمی، لە سەرەتاکانی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی کوردستان و ئێران لە مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٢، دەستبەسەر کراوە و پاش ئەوەی کە یەک جار بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە، جارێکی دیکەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ئیلام گەڕێندراوەتەوە.


هەنووکە ئەو لاوە کوردە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتە و پێویستی بە پێڕاگەیشتن و چاودێریی پزیشکی هەیە. ئەو هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت چاودێری و چارەسەریی پزیشکیش بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە