مەریوان: ڕفاندنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە

دوو برای خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی کەماڵ کیانی و عومەر کیانی و هەروەها ئارام کیانی برازای ئەو دوو کەسە، لە ماوەی یەک مانگدا لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتل

٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٠:٥٠


هەنگاو: یەکشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

دوو برای خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی کەماڵ کیانی و عومەر کیانی و هەروەها ئارام کیانی برازای ئەو دوو کەسە، لە ماوەی یەک مانگدا لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، کەماڵ کیانی، تەمەن ٣٣ ساڵ لە پێش نەخۆشخانەی فەجر لە شاری مەریوان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە ڕفێندراوە.

هەروەها برایەکی ناوبراو بە ناوی عومەر کیانی، تەمەن ٤١ ساڵ، ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٢، (١٦ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، لە گوندی "سۆفی بلە" سەربە شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە، لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندراوە.


هەر لەو ڕۆژەدا ئارام کیانی، تەمەن ٢٩ ساڵ و برازای ئەو دوو هاووڵاتییە، لە شارەکی سەعدیی شاری مەریوان و لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە.


شایانی باسە کە ناوەندە حکوومەتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە ڕفێنداوە و هەڕەشەیان لێیان کردووە کە نابێت ڕفاندنی کوڕەکانیان میدیایی بکەنەوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی کیانی لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە و ناوەندە حکوومەتییەکانیش ئامادەی وەڵامدانەوەی ئەو بنەماڵەیە نین و هەروەها هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە