دەستبەسەرکردنی پەرەشکاری ماڵی زۆرانبازیی کامێران و دەست لە کارکێشانەوە ئەندامانی لیژنەی زۆرانبازیی ئەو شارە

حەیدەر ئیبراهیمی، پەرەشکار (سرایە دار ) و کێشکچیی ماڵی زۆرانبازیی شاری کامێران، پاش ئەوەی کە بەهۆی بەشداریی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردوویەکی بەرخۆدانی

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٤:٣٨


هەنگاو: دووشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

حەیدەر ئیبراهیمی، پەرەشکار (سرایە دار ) و کێشکچیی ماڵی زۆرانبازیی شاری کامێران، پاش ئەوەی کە بەهۆی بەشداریی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردوویەکی بەرخۆدانی ئەو شارە لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بەم هۆکارەشەوە ئەندامانی لیژنەی زۆرانبازیی ئەو شارە دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، حەیدەر ئیبراهیمی، پەرەشکار و کێشکچیی ماڵی زۆرانبازیی شاری کامێران لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.

هەروەها ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانبار (٨ی جەنیوەری)، بڕیاری چۆڵکردنی ماڵەکەی خۆی کە لەنێو بنکەی ماڵی زۆرانبازیی شاری کامێران بووە، پێیان ڕاگەیاندووە.

پاش ئەو بڕیارە و دەستبەسەرکردنی ئەو پەرەشکارە، سەرجەم ئەندامانی لیژنەی زۆرانبازیی شاری کامێران، لە نامەیەکدا ناڕەزایەتیی خۆیان بە بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی حکوومەت لەو شارە ڕاگەیاندووە و دواتریش دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، بڕیاری چۆڵکردنی ماڵی ئەو هاووڵاتییە بە هۆکاری بەشداریی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی فواد محەممەدی، یەکێک لە گیان بەختکردووانی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە بووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی حکوومەت لەو کامێران پەسەند کراوە و پێی ڕاگەیەندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە