دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی سامان ئیسماعیلی، ئەمیر مورادی و ئەمین خاڵندی، کە لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە دەستبەسەر ک

٦ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٥:٠٩


هەنگاو: پێنجشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی سامان ئیسماعیلی، ئەمیر مورادی و ئەمین خاڵندی، کە لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوون، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی سەپێندراو بە سەریاندا، جارێکی دیکە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە بۆکان کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٥ی جەنیوەری ٢٠٢٣) دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی سامان ئیسماعیلی و ئەمیر مورادی، خەڵکی گوندی "میراوا"ی سەر بە شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە بۆ دادگای حکوومەت لە شاری بانگکران، دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانە گواستراونەتەوە.


پێشتریش واتە ڕۆژی شەممە، ١ی ڕێبەندان (٢١ی جەنیوەری)، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئەمین خاڵەندی، خەڵکی گوندی "میراوا"ی سەر بە شاری بۆکان کە خێزاندار و باوکی منداڵێکە، پاش ئەوەی کە بانگی دادگای حکوومەت لەو شارە کراوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.


سامان ئیسماعیلی، ئەمیر مورادی و ئەمین خالەندی، لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی شاری بۆکان و لە درێژە ناڕەزایەتی و مانگرتنە خەڵکییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کراون و دواتر بە دانانی بارمتە تاکوو کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا ئازاد کرابوون.


بەپێی بڕیاری دادگای تاوانەکانی حکوومەت لە بۆکان، سامان ئیسماعیلی بە تۆمەتی "پاڵپشتی لە حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان" و "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای شەش مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.


هەروەها ئەمین مورادی تەمەن ٢٤ ساڵ، لەلایەن ئەو دادگایەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی"، سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە و لێکۆلینەوە و لێپرسینەوەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە.


لەلایەکی دیکەوە، ئەمیر خاڵندی، بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان" لەلایەن دادگای تاوانەکانی حکوومەت لە شاری بۆکان، سزای ٦ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایەش بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.


شایانی باسە کە ئەو سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوون و بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیاندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە