ڕفاندنی برایەکی بچووکتری مێهرداد قادرمەرزی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

سەرەڕای ئەوەی کە سێ حەفتە لە دەستبەسەرکردنی مێهرداد قادرمەرزی، بەرنامەنووسی خەڵکی شاری قوروە تێپەڕ بووە، برایەکی بچووکتری ناوبراو بە ناوی کەژوان قا

٧ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٦:٥٧


هەنگاو: هەینی، ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢


سەرەڕای ئەوەی کە سێ حەفتە لە دەستبەسەرکردنی مێهرداد قادرمەرزی، بەرنامەنووسی خەڵکی شاری قوروە تێپەڕ بووە، برایەکی بچووکتری ناوبراو بە ناوی کەژوان قادرمەرزی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕەفێندراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ۵ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢۵ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، کەژوان قادرمەرزی، خەڵکی شاری قوروە و برای بچووکتری مێهرداد قادری مەرزی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.


ڕفاندنی ئەو لاوە کوردە لە کاتێکدایە کە پێشتر برایەکی ناوبراو بە ناوی مێهرداد قادرمەزری ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.


هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری قوروە، دوو لاپتۆپ و مۆبایلی مێهرداد و هەروەها مۆبایلەکانی کەژوان و مەسعوود قادرمەرزی، باوک و برای ئەو هاووڵاتییە و ئۆتۆمبێلی ئەو بنەماڵەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.


هەنگاو پێشتریش بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەی خۆی ڕایگەیاندووە: ناوەندی حکوومەتییەکان لە وەڵامی بەدواداچوونەکانی باوکی مێهرداد قادرەرزی، داوایان لە ناوبراو کردووە کە لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی ئۆتۆمۆبیل و کەلوپەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی ئەو بنەماڵەیە، کەژوان قادرمەرزی، کوڕێکی دیکەی ئەو بنەماڵەیە ڕادەستی ناوەندە حکوومەتییە بکات.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی هەنووکەی کەژوان قادرمەرزی لە بەردەستدا نییە؛ بەڵام براکەی ناوبراو (مێهرداد قادرمەرزی) بەردەوام دەستبەسەرە و لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری سنەیە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە