مانگرتن لە خواردنی چوار بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام

سامان مورادی وەند، خەڵکی ئاودانان، جەلیل عەزیزپوور، خەڵکی ئیلام، بابەک کەریمی، خەڵکی ئەیوان و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ئارمین کاکایی، خەڵکی شار

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٢:٠٢


هەنگاو: شەممە، ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

سامان مورادی وەند، خەڵکی ئاودانان، جەلیل عەزیزپوور، خەڵکی ئیلام، بابەک کەریمی، خەڵکی ئەیوان و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ئارمین کاکایی، خەڵکی شاری دێهلۆڕان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر پێ ڕانەگەیشتنی ناوەندە حکوومەتییەکان بە دۆسیەکانیان و هەروەها بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام، مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سامان مورادی وەند، جەلیل عەزیزپوور، بابەک کەریمی و ئارمین کاکایی، لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی چەند مانگی ڕابردووی شارەکانی ئاودانان، ئیلام، ئەیوان و دێهلۆڕان دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرجاوەیەکی ئاگادار، سامان مورادی وەند سەرەڕای پێکران، تاکوو ئێستا بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەگواستراوەتەوە. ناوبراو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە باتیی براکەی، بە ناوی سەجاد مورادیوەند بە بارمتە گیراوە.

شایانی باسە کە ئارمین کاکایی، تەمەن ٢٠ ساڵ، پێشتریش نزیک بە مانگێک پێش ئێشتە دەستبەسەر کراوە و پاش ئازادکردنی کاتی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوەتەوە. ناوبراو حەفتەی ڕابردوو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام گواستراوەتەوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و پاش ئەوەی کە بۆ بەندیخانە گواستراونەتەوە، هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە