شکانی ئەندامەکانی جەستەی سیروان محەممەدی بەهۆی ئەشکەنجە؛ بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەو لاوەی خەڵکی سنە

سیروان محەممەدی، لاوی خەڵکی شاری سنە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتدا بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانە چەند ئەندامی جەستەی وەک کاس

٩ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٠:٣٣


هەنگاو: یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

سیروان محەممەدی، لاوی خەڵکی شاری سنە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتدا بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانە چەند ئەندامی جەستەی وەک کاسەسەر (جمجمە)، لووت، گوێ و قەفەسەی سینگی شکاوە و بنەماڵەکەشی ڕۆژانە بەردەوام لەژێر گوشار و لێپرسینەوەی ناوەندە حکوومەتییەکاندان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەردان و هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی سیروان محەممەدی، بەردەوام درێژەی هەیە و بەم هۆیەشەوە ئەندامانی بنەماڵەکەی ناچارن نەچنەوە ماڵی خۆیان.


ئەمە لە کاتێکدایە؛ دۆخی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە کە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە، بەهۆی شکانی ئەندامانی جەستەی لەژێر گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتدا، زۆر خراپە.


هەنووکە کەلوپەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی بنەماڵەی سیروان محەممەدی وەک مۆبایل، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە دەستیان بەسەردا گیراوە و بەرپرسی ئەو ناوەندە حکوومەتییەش مل بە ڕادەستکردنەوەی ئەو کەرەستانە بەو بنەماڵەیە نادات.


هەنگاو پێشتر لە ماوەی دەستبەسەربوونی سیروان محەممەدی، ڕایگەیاندبوو: ئەو هاووڵاتییە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ بە "وەرگرتنی پارە لە لایەنە دژبەرە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەورووپا"، لەژێر دڕندانەترین گوشارەکانی ئیتلاعاتدایە.


ئەو لاوە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە و بۆ بارەگای (قرارگاە) شەهرامفەر گواستراوەتەوە.
ناوبراو پاش ماوەیەکی دوورودرێژ دەستبەسەربوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی بەردەوام هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجە کردن، لە کۆتاییدا ڕۆژ شەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە