بەسەرهاتێکی کورت لەسەر شێوەی ڕفاندنی مەهدی دارابی؛ تەقە و لێدانی هێزە حکوومەتییەکان لەو لاوەی خەڵکی مەلەکشایی

مەهدی دارابی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەو شارە تەقەی لێ کراوە

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٠٩:٥٧


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

مەهدی دارابی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەو شارە تەقەی لێ کراوە و پاشانیش بە لێدان و سووکایەتی پێکردن ڕفێندرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی مەهدی دارابی، ڕۆژی پێنجشەممە، ١۵ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (۵ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، پاش ماوەی یەک مانگ دەستبەسەربوون، بە بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام ئازاد کراوە.


مەهدی دارابی، ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، پاش چاودێری، شوێنهەڵگرتن و بەدواداچوونێکی دورودرێژ لەلایەن لانی کەم ١٠ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە جادەی نێوان زینگان - ئیلام ڕاگیراوە و پاشان بە شێوەیەکی بێڕێزانە لەلایەن ئەو هێزانەوە لێ دراوە و بەو هۆیەشەوە لووتی شکاوە و دەستبەجێ قۆڵبەستیان کردووە و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە گواستراوەتەوە.


بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیا لەو هاووڵاتییە کردووە و چەند گوللەیان لە شووشە و تایەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەی کردووە، هەروەها بە شێوەی بێڕێزانە و لێدان ناوبراویان ڕفاندووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە