کوژرانی دوو کاسبکاری خەڵکی کامێران بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە حکوومەتییەکان لە خۆڕەم‌ئاوا

دوو کاسبکاری خەڵکی شاری کامێران بە ناوەکانی پاکزاد محەممەدی و شێرزاد ئەحمەدی، بەهۆی ڕاوەدوونان و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکووم

٢٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٥:٢٠

 

هەنگاو: شەممە، ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

دوو کاسبکاری خەڵکی شاری کامێران بە ناوەکانی پاکزاد محەممەدی و شێرزاد ئەحمەدی، بەهۆی ڕاوەدوونان و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٨ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، دوو کاسبکاری خەڵکی شاری کامێران بە ناوەکانی پاکزاد محەممەدی، تەمەن ٣۶ ساڵ و شێرزاد ئەحمەدی، تەمەن ٣٧ ساڵ، کە لە جادەی خۆڕەم‌ئاوا و لە ئۆتۆمۆبیلێکدا بوون، پاش ڕاوەدوونانیان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەقەیان لێ کراوە و دواتر کۆنترۆڵی ئۆتۆمۆبیلەکەیان لەدەست داوە، بەم هۆیەشەوە ئۆتۆمۆبێلەکەیان چووتە ژێر بارهەڵگرێکی گەورە و ئەو دوو کەسە گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکوومەتییەکان "بە گومانی ئەگەری گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ" تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ئۆتۆمۆبیلی ئەو دوو هاووڵاتییە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە هەنگاوی ڕایگەیاند: "پاش ئەو ڕووداوە، سەرجەم کەلوپەل و کەرەستەی تاکەکەسیی ئەو دوو هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی پشتە بوون بەتایبەت مۆبایلەکانیان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبان بەسەردا گیراوە".


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە