مەسعوود کوردپوور ئازاد کرا؛ سەرنووسەری ئاژانسی موکریان: "داوای لێخۆشبوونم نەکردووە"

مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی موکریان کە پێشتر دەستبەسەرکرابوو و سزای ١٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو؛ لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا.

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٣:٥٤


هەنگاو: سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی موکریان کە پێشتر دەستبەسەرکرابوو و سزای ١٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو؛ لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا. ناوبراو جەختی کردەوە کە هیچ کاتێک داوای لێخۆشبوونی نەکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣) مەسعوود کوردپوور، ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد بوو.


ئەم ڕۆژنامەنووسە لە دوای ئازادی لە بەندیخانە ڕایگەیاندووە کە داوای لێخۆشبوونی چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود لە ڕێگای پارێزەرەکەیەوە پێشکەش نەکردووە.


لەم دواییانەدا مەسعوود کوردپوور لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە کردن لە دژی نیزام" سزای ٩ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە دانیشتنی دادگای بەدواداچوون بۆ تۆمەتە سەپێندراوەکان بەسەر ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی بۆکان بەشێوەی وێبکام ئەنجامدرا. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین ماوە سزای کوردپور واتە ٩ مانگ بەندکران دەبوو جێبەجێ بکرێت.


مەسعوود کوردپوور ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە ماڵەکەی دەستبەسەرکرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی یەکەمجار بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و دواتر بۆ بەندیخانەی بۆکان گواستراوە.


ئەم بەندکراوە سیاسییە، لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٠، لەلایەن دەستەی بەدوداچوون بۆ سەرپێچی لە کاری ئیداری، لە کارەکەی خۆی واتە بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە بارهێنان لە شاری بۆکان، دوور خرایەوە.
مەسعوود کوردپوور یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە خاوەن ئەزموونەکانی کوردستانە، کە چەند جارێکی تر لە ڕابردوودا لەلایەن ناوەندەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر و بەندکراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە