درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئاروین نیکپەی، خەڵکی مەریوان

بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئاروین نیکپەی، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە درێژکراوە.

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٢:٤٤


هەنگاو؛ هەینی ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢
بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئاروین نیکپەی، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە درێژکراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە لە کاتێکدا کە ناوبراو ١٧ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات، لە ژێر لێپرسینەوەدا تێپەڕاندووە، درێژکرایەوە.


ئاروین نیک پەی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی نێ، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لە شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا.


هەنگاو زانیویەتی کە ئەم هاووڵاتییە دوای ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە گواستراوەتەوە.


ناوبراو لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر کراوە تەنیا توانیویەتی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت کە شوێنی ڕاگیرانی خۆی پێ ڕاگەیاندوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە