چارەنووسی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد پاش ٧ مانگ هێشتا ناڕوونە

چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، کە ٧ مانگ پێش لەلایەن هێزە حکووم

٣٠ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٢:٢٠


هەنگاو: یەکشەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، کە ٧ مانگ پێش لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون؛ لە دوایین ڕۆژەکانی حەوتەمین مانگی دەستبەسەربوونیاندا هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ موحسین مەزڵووم، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری دێولان، وەفا ئازاربار، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و هەروەها پژمان فاتیحی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، لە حەوتەمین مانگی دەستبەسەربوونیاندا هێشتا بەبێ ڕێپێدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و بەبێ مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بەند کراون.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند؛ ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (۵ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، بۆ جاری دووەم فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەبار و پژمان فاتیحی لە تەلەڤزیۆنی حکومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کرایەوە، وێڕای ئەوەی کە ناوەندە حکومەتییەکان دۆسیەسازییان بۆ ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە مەترسی و نیگەرانیی ئەگەری جێبەجێبوونی سزای قورسی ئەو هاووڵاتییە زیاتر کردووە.

لە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو بەندکراوانەدا، شوێن پەنجە و شوێنەواری ئەشکەنجە و لێدانی دڕندانەی هێزە حکومەتییەکان بە ڕوونی دیارە و ئەوەش نیشاندەری بارودۆخی خراپی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەیە.

ئەو چوار هاووڵاتییە، ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن و ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢، لە گوندی "یەنگجە"ی سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جوانا تەیمەسی، هاوژینی موحسین مەزڵووم پەیامێکی ڤیدیۆییی بڵاو کردەوە و لە پەیامەدا دوایین زانیارییەکان لەسەر بارودۆخی ئەو چوار بەنداکراوە سیاسییەی باس کرد و نووسیی: "دەنگی هاوژینەکەم نەبیستووە و تەنانەت نازانم زیندوو یان نە".
موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی لە ماوەی ٧ مانگی دەستبەسەربوونیاندا لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ، دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیشیان لەم بارەیەوە هیچ ئاکامێکی نەبووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرنجدان بە ڕەواڵی دۆسیەسازیی ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چالاکانی سیاسیی کورد و بەتایبەت ئەندامی حیزبە کوردستانییەکان، وێڕای نیگەرانیی خۆی لەسەر چارەنووسی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، داخوازە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەیەوە وەڵامدەر بێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە