مورتەزا محەممەدی برای سیروان محەممەدی، هاووڵاتی دەستبەسەرکراو لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا

مورتەزا محەممەدی، برای سیروان محەممەدی، کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەرە؛ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شاری سنە ڕفێندرا.

٣ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٣:٣٧


هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

مورتەزا محەممەدی، برای سیروان محەممەدی، کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەرە؛ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شاری سنە ڕفێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە، ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (٢٠ی فێبریوەری ٢٠٢٣) مورتەزا محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ لە گۆڕەپانی "دایک" لە شاری سنە و لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕاگیرا و ڕفێندرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی حکوومەت ڕاستەوخۆ ڕوو بە ئۆتۆمبێلەکەی مورتەزا محەممەدی تەقەیان کردووە. دوای ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییە، ئۆتۆمبێلەکەشی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە دوای ڕفاندنی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتدا توانیویەتی بە بنەماڵەکەی ڕابگەیێنێت کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەرە.


سیروان محەممەدی، برای مورتەزا محەممەدی کە دوو مانگی ڕابردوو دوای ئەشکەنجەی توند و شکانی چەند بەشێکی جەستەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرابوو، بۆ جارێکی دیکە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئەم ئیدارەوە لە هێرشێکی چەکدارانەدا بۆ سەر ماڵیان ڕفێندرایەوە.


لەکاتی ڕفاندنی سیروان محەممەدیدا، برای ناوبراو، ئیبراهیم محەممەدی و باوکیان، لەلایەن ئەم هێزانەوە لێیان درابوو و بە سەختی بریندارکرابوون. ناوبراو ڕۆژی چوار شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا و بۆ ناوەندی شەهرامفەری سوپای پاسداران گواستراوە.


سیروان محەممەدی، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە و هێزەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی بەردەوام بە چوون بۆ ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی، بنەماڵەی ناوبراویان بۆ ئەم مەبەستە خستووەتە ژێر گوشار.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە