موسلیم جەعفەری ڕەمشتی، هونەرمەندی کورد بە بارمتەی ٨ ملیاری و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

موسلیم جەعفەری ڕەمشتی، ئەکتەری براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک"، پاش ئەوەی کە پێنج مانگ و ١٥ ڕۆژ لە بەندیخانەی ئێڤین بەردەوام لێکۆڵینەوە و لێپرس

٤ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١١:٠٧


هەنگاو: پێنج شەممە، ٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

موسلیم جەعفەری ڕەمشتی، ئەکتەری براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک"، پاش ئەوەی کە پێنج مانگ و ١٥ ڕۆژ لە بەندیخانەی ئێڤین بەردەوام لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە و هاوکات ئەشکەنجە دراوە، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتەی ٨ ملیار تمەنی لەو بەندیخانەیە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، موسلیم جەعفەری ڕەمشتی، هونەرمەند و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٨ ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بارودۆخی تەندروستیی ئەو هونەرمەندە بەندکراوە لەم دواییانەدا ناجێگیر بووە و بەهۆی هەوکردنی دەست و گورچیلەکانیەوە ئازاری زۆری هەیە.


موسلیم جەعفەر ڕەمشتی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە گوندی "تەرساوا"ی سەر بە شاری خۆی، لە کاتێکدا لە هەوڵی ئەوەدا بوو ڕێگەیەکی سنوور بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کە تێپەڕ ببێت و پەڕیوەی ئەورووپا بێت، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی دڕندانە ڕفێندرا و پاش ١٠٠ ڕۆژی توانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بگرێت.


ناوبراو لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا پەیوەست بوو بە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان و شەش ساڵ پێش وازی لەو حیزبە هێناوە و لە هەوڵدا بووە لە ڕێگەی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپی نیشتەجێ ببێت. جێگای ئاماژەیە ناوبراو لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەشداری کردووە و دەستێکی لەو شەڕەدا لەدەست داوە.


هەوڵی یەکەمی ئەم هونەرمەندە بە مەبەستی چوون بۆ ئەورووپا بە دەستبەسەرکرانی لە وڵاتی تورکیا و گەڕاندنەوەی بۆ باشووری کوردستان ئاکامێکی نەبوو و بۆ دووەم جاریش، لە کاتی تێپەڕینی بە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەلایەن هێزەکانی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندرا.


موسلیم جەعفەری ڕەمشتی لە فیلمی "زەوییە پیسەکان" ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە و لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" لە باشووری کوردستان، خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە