٧ بەندکروی کورد بە تۆمەتی موحارەبە لە بەندیخانەی ئورمیە لەژێر گوشاردان

کاروان شاهی پەروانە، فەریاد حەمزەشوور، فەرزاد محەممەدپوور، شەهرام مەعرووف مەولا، ڕەزا ئیسلام دووست و دوو برا بە ناوەکانی فەرهاد

٦ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٨:٥٥


هەنگاو: شەممە، ٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

کاروان شاهی پەروانە، فەریاد حەمزەشوور، فەرزاد مەحموودپوور، شەهرام مەعرووف مەولا، ڕەزا ئیسلام دووست و دوو برا بە ناوەکانی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمەتی موحارەبەیان بەسەردا سەپاوە، لە بەندیخانەی حکوومەت لە شاری ئورمیە لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییی هێزەکانی حکوومەتدان و بارودۆخیان خراپە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ حەوت بەندکراوی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی هێمن (کاروان) شاهی، فەریاد حەمزەشوور، فەرزاد مەحموودپوور، شەهرام مەعرووف مەولا، ڕەزا ئیسلام دووست و دوو برا بە ناوەکانی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە لە بەندی وەرگرتنی ٢ی بەندیخانەی حکوومەت لە شاری ئورمیە هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وێڕای ئاماژە بە وەڵامدانەوەی داواکایی ئەو حەوت بەندکراوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەت لەو بەندیخانەیە، ڕایگەیاند: نەک تەنیا خواردنی شەو و ڕۆژی ئەو حەوت بەندکراوە پیسە و بۆ خواردن نابێت، بەڵکوو ژەمە خواردنەکانیان زۆر کەمتر لە ژەمی خواردنێکی ئاسایین.


ئەو بەندکراوانە لەو بەندیخانەیەدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەیاندا، بێبەری و بێبەش کراون.


سەرەڕای ئەوەش کە خوازەنامە دادستان لەسەر ئەو بەندکراوانە بۆ لقی ٣ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە نێردراوە، بەڵام تا هەنووکە چارەنووسی ئەو حەوت بەندکراوە بەردەوام لەو بەندیخانەیەدا ناڕوونە و دانیشتنی دادگاییکردنەکەیان بەڕێوە نەچووە.


بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ تۆمەتبارانی موحارەبە و "افساد فی الارض" تا لەسێدارەدانیش سزایان بەسەردا دەسەپێنن.


ئەو بەندکراوانەی خەڵکی شاری شنۆ بەهۆی بەشداری لە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارەدا دەستبەسەر کراون و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجەی دڕندانە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە گواستروانەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە