ڕاپۆرتی لە مارسەوە هەتا مارسی هەنگاو تایبەت بە مافی ژنان + فایلی PDFی لیستی ناوەکان
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی یەک ساڵی ڕبردوودا بارودۆخی ژنان لە کوردستان زۆر دژوار بووە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی یەک ساڵی ڕبردوودا بارودۆخی ژنان لە کوردستان زۆر دژوار بووە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە مارسی ٢٠٢٢ هەتا مارسی ٢٠٢٣، لانی کەم ٢٤٥ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون یان ڕفێندراون. هەروەها دەزگای دادیکۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەندکران و سێدارەی بەسەر لانی کەم ٣٠ چالاکی ژندا سەپاندووە.
هەروەها لەم ماوەدا، لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان کوژراون کە ٥ حاڵەتیان بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە.
دەستبەسەرکرانی ٢٤٥ چالاکی مەدەنیی ژن
لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٢٤٥ چالاکی ژنی کورد لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان و باقی شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون، کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی زۆربەی ئەم کەسانە بەهۆی چالاکی سیاسییەوە بووە. بە تۆمارکردنی ١٣٧ حاڵەت پارێزگای سنە زۆرترین حاڵەتی دەستبەسەرکرانی هەبووە.
هۆکاری دەستبەسەرکران؛
چالاکی سیاسیی؛ ٢١ حاڵەت بەرانبەر ٨.٥٪ی کۆی گشتی.
چالاکی مەدەنی؛ ٣ حاڵەت بەرانبەر بە ١.٥٪ کۆی گشتی.
شۆرشی ژینا؛ ٢٢١ حاڵەت بەرانبەر بە ٩٠٪ی کۆی گشتی.
پۆلێنبەندی بەپێی پارێزگاکان
پارێزگای سنە؛ ١٣٧ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە؛ ٣٩ حاڵەت
پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت
پارێزگای ئیلام؛ ٢٤ حاڵەت
شارەکانی دیکەی ئێران؛ ٢٠ حاڵەت
سەپاندنی سەرجەم سزای ٧٧ ساڵ بەندکران بەسەر چالاکانی ژن
لە مارچی ٢٠٢٢ەوە هەتا مارچی ٢٠٢٣ بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ٣٠ چالاکی ژن بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی، بەشداری لە ڕاپەڕینی ژینا و چالاکی مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٧٧ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و دوو چالاکی LGBTQیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
شیاوی ئاماژە پێدانە کە ١٤ کەس لەم ژنانە کە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەرکراون.
تۆمارکرانی ٢٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ٨ی مارست ٢٠٢٢ەوە هەتا ٨ی مارسی ٢٠٢٣ لانی کەم ٢٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا کوژراون کە ٥ حاڵەتییان قەتڵی نامووسی بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە پارێزگای کرماشان ٨ حاڵەت، سنە ٧ حاڵەت، ئیلام ٥ حاڵەت، ئورمیە ٥ حاڵەتی ژن کوشتن تۆمارکراوە.
هەروەها لەم ژمارەیە، ١٠ ژن لەلایەن هاوژین، ٧ ژن لەلایەن هاوژینی پێشوو، ٤ ژن لەلایەن برا و ٢ ژن لەلایەن هاوکارەکانییانەوە کوژراون و بکوژی ٢ کەسیشیان نادیارە.
لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێنج حاڵەتی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی پاراستنی نامووس و شەرەف تۆمارکراوە. ١٥ حاڵەت بەهۆی ناکۆکی بنەماڵەیی و هۆکاری کوشتنی ٥ حاڵەتیش نادیارە.