بەندیخانەی ئورمیە؛ گیان لەدەستدانی بەندکراوێک بەهۆی ڕێگری لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٥:٤٤


هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

هەنگاو؛ سەرەڕای تێپەڕینی شەش ڕۆژ بەسەر گیان لەدەستدانی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ئورمیە بەهۆی ڕێگریی بەرپرسانی بەندیخانە لە وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی، هەتا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە لە ڕادەست کردنەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی تۆمەتبار بە تاوانە پەیوەندیدارەکان بە مادە هۆشبەرەکان، بە ناوی فەرهاد نەقی زادە، تەمەن ٤٧ ساڵ، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (٨ی مارسی ٢٠٢٣)، بەهۆی وەرنەگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست و درەنگ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە ئاکامی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە، لەکاتی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گیانی لەدەست دا.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیە، فەرهاد نەقی زادە لە بەندیخانە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەهۆی وەڵامنەدانەوەی دادوەری چاودێر بەسەر بەندیخانە و سەرۆکی بەندیخانە (بەخشی) و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، لە کاتی گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بەسەر گیان لەدەستدانی ناوبراودا، هەتا ئێستا ناوەندە حکوومەتییەکان بە بیانووی نیشتەجێبوونی هاوژین و منداڵەکانی فەرهاد نەقی زادە لە وڵاتی نوروژ، لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە.


فەرهاد نەقی زادە، پێنج ساڵ پێش لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە