سەجاد مورادی وندان، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام لێوەکانی خۆی دوورییەوە

سەجاد مورادی وندان، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئاودانان، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ناڕوونی چارەنووسی لە دەستبەسەر

٢٣ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٨:٢٢


هەنگاو: سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

سەجاد مورادی وندان، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئاودانان، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ناڕوونی چارەنووسی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام، لێوەکانی خۆی دوورییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەجاد مورادی وندان، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئاودانان، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٤ی مارسی ٢٠٢٣) بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ناڕوونی چارەنووسی و پشتگوێخرانی دۆسییەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام، لێوەکانی خۆی دوورییەوە.

سەجاد مورادی وندان، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان (٣١ی جەنیوەری) لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر خانەباخێک لە نزیک مەسجد سولێمان دەستبەسەرکرا و لەو کاتەوە لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە، ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا لێوەکانی خۆی دووریتەوە کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە پێویستی بەوەرگرتنی چارەسەر و دەرمان هەیە. لە دەستپێکی ئەم مانگەدا ناوبراو بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر پشتگوێخرانی دۆسییەکەی مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای چوار ڕۆژ لە ڤیدییۆکۆنفڕانسێکدا سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئیلام بەڵێنی بەدوداچوونی دۆسییەکەی پێدابوو و ئەم بەندکراوەش بەشێوەیکی مەرجدار کۆتایی بە مانگرتن لەخواردن هێنابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە