یەدێ بەهاری زەڕ، چالاکی کرێکاری کورد دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

یەدێ بەهاری زەڕ، چالاکی کرێکاری، خەڵکی سنە و دانیشتووی دەماوەند، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ ساڵ بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا، دەس

٢٤ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٠٩:٤٦


هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

یەدێ بەهاری زەڕ، چالاکی کرێکاری، خەڵکی سنە و دانیشتووی دەماوەند، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ ساڵ بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا، دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٣ی مارسی ٢٠٢٣) یەدێ بەهاری زەڕ، چالاکی کرێکاری و خەڵکی سنە، دوای بانگکرانی بۆ دادسەرای شاری دەماوەند دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە کرێکارییەی دانیشتووی دەماوەند ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لەلایەن لقی دووی دادگای لێپرسینەوەی دەماوەند بە چەندین تۆمەت وەکوو؛ "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی، بێ ڕێزیکردن بە ڕێبەر، پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گرووپی دژە شۆڕش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پڕوپاگەندە کردن لە دژی کۆماری ئیسلامی و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیست" سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


یەدێ بەهاری زەڕ، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" سەر بە شاری سنە و دانیشتووی دەماوەند لە پارێزگای تاران، لە ناوەڕاستەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە دەماوەند دەستبەسەرکرا و دوای دوو حەوتوو بە دانانی بارمتەی ٤ ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی قۆناغی دادگاییکردنی ئازاد کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە