نەغەدە؛ تەقینەوەی بۆمبی پووچەڵنەکراوی مانۆڕی نیزامی بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک و برینداربوونی دوو کەسی دیکە
لە ئاکامی تەقینەوەی گوللە تۆپی بە جێماو لە مانۆڕی سەربازی لە دەوروبەری شاری نەغەدە، هاووڵاتییەک بەناوی کامڵ ڕەسوڵپوور گیانی لەدەست دا. لەم ڕوو
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢
لە ئاکامی تەقینەوەی گوللە تۆپی بە جێماو لە مانۆڕی سەربازی لە دەوروبەری شاری نەغەدە، هاووڵاتییەک بەناوی کامڵ ڕەسوڵپوور گیانی لەدەست دا. لەم ڕووداوەدا سەلیمە بەرزگەر هاوژینی کامڵ ڕەسوڵپوور و هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی سەلیم ئەحمەدی ئازەر برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٤ی مارسی ٢٠٢٣) کامڵ ڕەسوڵپوور، تەمەن ٤١ ساڵ، خەڵکی گوندی "مێمیند" سەر بە شاری نەغەدە بەهۆی تەقینەوەی گوللە تۆپی پوچەڵنەکراو گیانی لەدەست دا. لەم تەقینەوەدا هاوژینی ناوبراو، سەلیمە بەرزگەر و هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی سەلیم ئەحمەدی ئازەر بە سەختی برینداربوون.
هەر لەم ڕاستایەدا حەوتووی ڕابردوو، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەشەممە، ڕەحمەت قادرزادە تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی گوندی "شێخە سوور"، سەر بە شاری سەردەشت، بەهۆی تەقینەوەی مین قاچی برینداربوو و بۆ نەخۆشخانە گواستراوە.
شیاوی ئاماژە پێدانە کە لە شارە سنوورییەکان، ساڵانە بەهۆی تەقینەوەی بۆمب و تەقەمەنی بەجێماوی مانۆڕە سەربازییەکان، دەیان هاووڵاتیی دەبنە قوربانی.