شنۆ؛ کوژران و برینداربوونی دوو کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان

هاووڵاتییەک بە ناوی عەینی قادرنژاد و خەڵکی ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە جێگیرکراوە لە سنووری "گادەر"ی شاری شنۆ کوژراوە و هاووڵاتییەکی د

١٣ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢٢:٥٣


هەنگاو: یەکشەممە، ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەک بە ناوی عەینی قادرنژاد و خەڵکی ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە جێگیرکراوە لە سنووری "گادەر"ی شاری شنۆ کوژراوە و هاووڵاتییەکی دیکە بریندار بووە. هەر لەو پەیوەندییەدا ئەو هێزانە دوو هاووڵاتیی دیکەشیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٢ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی عەینی قادرنژاد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری "گادەر"ی شاری شنۆ کوژراوە و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی محەممەدلەتیف خالیدی و تەمەن ۵١ ساڵ کە لەگەڵ ناوبراو بووە، بریندار کراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، تەرمی عەینی قادرنژاد بۆ پزیشکی دادوەریی شاری نەغەدە گواستراوەتەوە و "محەممەدلەتیف حالیدی"یش کە هەردوو پێ و دەستێکی بریندار بووە، بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە و براوەتە ژووری نەشتەرگەری.


ئەو دوو هاووڵاتییە خەڵکی گوندی "چریک‌ئاوا"ی ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ئورمیەن و لە کاتی تێپەڕاندنی مەڕوماڵات لە ناوچەی سنووریی شاری شنۆ دراونەتە بەر دەستڕێژی هێزە حکوومەتییەکان.


شایانی باسە کە هەر لەو پەیوەندییەدا دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی محەممەدسدیق خالیدی، تەمەن ٣٢ ساڵ و شەهرام ساڵح محەممەدی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ هیچ دەنگدان و ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە تەقەیان لەو چوار هاووڵاتییە کاسبکارە کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە