عادڵ نەدیمی لە بەندیخانەی فەشافوویە جارێکی دیکە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات گواسترایەوە و ئەشکەنجە کراوە
عادڵ نەدیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران و لە دەستبەسەرکراونی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری تاران کە لە ماوەی ڕابردوودا
هەنگاو: چوارشەممە، ١۶ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣
عادڵ نەدیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران و لە دەستبەسەرکراونی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری تاران کە لە ماوەی ڕابردوودا سزای ٢ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٢٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو؛ جارێکی دیکە لە بەندیخانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدایە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عادڵ نەدیمی، خەڵکی شاری کامێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندیخانەی فەشافوویە جارێکی دیکە بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی تاران گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی نەدیمی، ئەو بەندکراوە سیاسییە بە مەبەستی پەسەندکردنی بڕیاری سەپێندراو بەسەریدا بێ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدواداچوون، لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی جەستەیی و دەروونیی وەزارەتی ئیتلاعاتی تاراندایە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعید جەمالی"، بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە ویلایەتی فەقیهـ" و "قسەی ناتەبا و ناساز لەگەڵ یاسای نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردن و لێدانی ٢٠ قامچی بەسەریدا سەپاوە.
ئەو سزایە لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لە بەندیخانەی فەشافوویە بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتیان پێ داوە تاکوو داوای تێهەڵچوونەوە بەو سزایە و پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت.
ئەو هاووڵاتییە کوردە پێش ئەوەی کە بگواسرێتەوە بۆ ئەو بەندیخانەیە، لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری و بێبەش بووە.
عادڵ نەدیمی، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣) لە سەرەتای شەقامی موژدە، نزیک بە گۆڕەپانی قودسی شاری تاران دەستبەسەر کراوە. پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجەی دڕندانەی جەستەیی و دەروونی، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی فەشافوویە گواستراوەتەوە.