ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتیی خەڵکی سەحنە تۆمەتی موحارەبەی خراوەتە پاڵ

ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای دۆسیە سازییەوە سزای سێدارە بەسەر ڕەزا ڕەسایی، لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی شاری سەحنە، کە لە ماوەی

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١١:٤٩


هەنگاو: دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای دۆسیە سازییەوە سزای سێدارە بەسەر ڕەزا ڕەسایی، لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی شاری سەحنە، کە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەکاندا بووە بسەپێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەزا ڕەسایی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی سەحنە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر (بەشداربوون لە هەوڵی کوشتنی بەرپرسێکی حکوومەتی) لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدا بووە.


بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەم هاووڵاتییە کە لە ئێستادا لە بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان دەستبەسەرە، مەترسی سەپاندنی تۆمەتی موحارەبە بەهۆی کوشتنی بەرپرسێکی حکوومەتی بەناوی "نادر بایرامی" لەسەرە.


نادر بایرامی، سەرۆکی پێشووی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە کاتێکدا کە ڕاستەوخۆ لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بەشداربوو، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەید خەلیل عالی نژاد کوژرا.


ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەواڵی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ڕەزا ڕەسایی، بە بنەماڵەی ناوبراوی ڕاگەیاندووە.


ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.


ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی سازمانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان گواستراوەتەوە.


لە ماوەی پێنج مانگ دەستبەسەرکرانی ڕەزای ڕەساییدا، لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی بەندکراوێک لەوانە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و ڕاوێژکاری یاسایی بێ بەریبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە