سەپاندنی سزای ٥٤ مانگ بەندکران بەسەر هەورام مێهرنەوایی، لە دەستبەسەرکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی بۆکان
هەورام مێهرنەوایی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە دەستبەسەرکرابوو، یەک مانگ دوای بڕیاری دادگا و سەپاندنی سزای ٥٤ مان
هەنگاو: سێشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣
هەورام مێهرنەوایی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە دەستبەسەرکرابوو، یەک مانگ دوای بڕیاری دادگا و سەپاندنی سزای ٥٤ مانگ بەندکران بە سەر ناوبراودا، بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەم سزایە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣) هەورام مێهرنەوایی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان دوای بانگکرانی بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی ئەم شارە دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سەپێندراو بەسەریدا ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەورام مێهرنەوایی لە ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی بۆکان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە" سزای ٥٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
هەنگاو زانیویەتی کە هەورام مێهرنەوایی لە ماوەی دەستبەسەرکران و بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییکردنیدا لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر بێ بەریبووە.
ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگە گواستراوە. ناوبراو دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرابوو.