بەردەوامیی ڕەوتی زیادبوونی هێرشە کیمیاییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان
لە درێژەی هێرشی کیمیاییی بەرنامەداڕێژراو بۆ سەر قوتابخانەکان ڕەوتێکی ڕۆژانەی گرتووەتە بەر و لە یەک ڕۆژدا هێرش کراوەتە سەر لان
هەنگاو: سێشەممە، ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣
لە درێژەی هێرشی کیمیاییی بەرنامەداڕێژراو بۆ سەر قوتابخانەکان ڕەوتێکی ڕۆژانەی گرتووەتە بەر و لە یەک ڕۆژدا هێرش کراوەتە سەر لانی کەم ٢٧ قوتابخانە لە شارەکانی کەرەج، ئیسفەهان، تەورێز، شاهینشار، بەندەرگەناوە، کامێران، شەهریار، شنۆ، ئورمیە، برووجێرد، مەریوان، پارساوای موغان و کرماشان.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١١ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانە کچانەکانی مەنووچەهر، ئەلنسار، ئالیاسین، تلووع، مەسعوود باقری و قوتابخانەی سەرەتاییی کوڕانەی ئەمیرکەبیر لە شاهینشاری ئیسفەهان.
لە شاری شنۆ، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر شەش قوتابخانەی خەدیجەکوبرا، فەرزانەگان، مەلەکئەلنسا، شەرەف، پانزەی خورداد و سەیادیفەر و بەم هۆیەشەوە کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.
هاوکات هێرش کراوەتە سەر سێ قوتابخانەی کچانە بە ناوەکانی زەینەب، عەترت و حیجاب لە شاری گەناوە سەر بە پارێزگای بووشێهر.
هەروەها هێرش کراوەتە سەر قوتابخانە کچانەکانی مریەم و دانشپەژووهان و قوتابخانەی سەرەتاییی شیما مورادی لە شاری کرماشان و لانی کەم ۶٠ قوتابی ژاراوی بوون کە دۆخی تەندروستیی دوو کەسیان ناجێگیر و خراپە.
لە درێژەی ئەم هێرشانەدا دوو قوتابخانەی سەرەتاییی فەهمیدە و قوتابخانەی کچانەی فاتمەی زارا لە شاری کامێران کراونەتە ئامانج و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون کە ١٢ کەسیان بە مەبەستی چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی سینا لەو شارە گواستراونەتەوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا هاوکات هێرشی کیمایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی کەماڵ دێهقانی لە شارۆچکەی ڕازیی کەرەج، قوتابخانەی بێعسەت لە شەهریاری تاران، قوتابخانەی کچانەی ئەحمەدیە لە بروجێرد، قوتابخانە کچانەکانی دواناوەندیی وەلیعەسر لە ئورمیە، قوتابخانەیەک لە پارساوا موغانی پارێزگای ئەردەبیل و قوتابخانەی ٢٢ی بەهمەن لە مەریوان.
شایانی باسە کە سەرچاوەکانی هەنگاو لەم بارەیەوە لە مەریوان ڕایانگەیاندووە؛ پاش ئەوەی کە هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی ٢٢ی بەهمەن لەو شارە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە نەیهێشتووە قوتابییان بچنە دەرەوە و هەڕەشەی دەرکردنی لێیان کردووە.
بەپێی بەڵگە و وێنە بڵاوکراوەکان، هێزە حکوومەتییەکان لە چەندین قوتابخانەی شارەکانی شاهینشار، ئورمیە و پارساوا موغان، دەرگای چوونەدەرەوەی قوتابخانەکانیان بەستووە و نەیانهێشتووە قوتابییان بچنە دەرەوە. لە بڕێک لە قوتابخانەکانیشدا ئەو هێزانە بە شێوەیەکی بێڕێزانە دایک و باوکی منداڵەکانیان سەرکوت کردووە.
هەروەها تیمی فەریاکەوتنی حکوومەتی لە بڕێک حاڵەتدا بەبێ کەپسوولی ئۆکسیژن و جاروباریش بە کەپسوولگەلێکی خاڵییەوە لەو قوتابخانانەی وا هێرش کراوەتە سەریان ئامادە بوون و ئەمەش ناڕەزایەتیی دایک و باوکی قوتابییانی لێ کەوتووەتەوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان - لقی سەقز و زەڕینە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایاگەیاند؛ هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانە و قوتابییەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامەدڕێژراوە و بکەرانی ئەو هێرشانە لەلایەن باڵادەست و بڕیاردەرانیانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆیە هێشتاش بەردەوامن.