ناڕوونیی چارەنووسی پووریا جەواهیری هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجە، سیناریۆسازی و دانپێدانانی زۆرەملێ
پووریا جەواهیری، بەندکراوی تۆمەتبار بە "موحارەبە" پێنج مانگە لە بەبدیخانەدایە و لەم ماوەیەشدا زیاتر لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران
هەنگاو: چوارشەممە، ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣
پووریا جەواهیری، بەندکراوی تۆمەتبار بە "موحارەبە" پێنج مانگە لە بەبدیخانەدایە و لەم ماوەیەشدا زیاتر لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە و دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە و هەروەها جارێکیش ناچار بە بەشداری لە سیناریۆسازیی ئەمنییەتی کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پووریا جەواهیری، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران زیاتر لە چوار مانگە بە تۆمەتی "موحارەبە» دەستبەسەر کراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە. ناوبراو لە ناوەڕاستی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٢٢دا لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سوپای پاسداران لە سنە بۆ بەندیخانەی حکومەت لە شاری کامێران گواستراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا ناچار کراوە لە سیناریۆیەکی ئەمنییەتیی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری کامێراندا بەشداری بکات و ڕۆڵ لە سیناریۆسازیی کوشتنی کەسێکدا بگێڕێت، ئەم کارەش بە مەبەستی دۆسیەسازی بە دژی ناوبراو کراوە بۆ ئەوەی تۆمەتی ئەوە بدەنە پاڵی کە لە کوشتنی ئەندامێکی هێزە حکوومەتییەکاندا دەستی هەبووە.
پێشتریش لە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢دا هەواڵی کوژرانی بەسیجییەک بە ناوی ڕەزا ئازەربار لە شاری کامێران لەلایەن ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکانەوە بڵاو کرایەوە و دواتر ڕایانگەیاند کە پووریا جەواهیری ئەو بەسیجییەی کوشتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی قسەکانی حوسێن جەواهیری، باوکی پووریا، کوڕەکەی لەو ڕۆژەدا لە گوند سەرقاڵی کاری دروستکردنی ڕێگا و بان بووە و خەڵکی گوندەکەش ئاگادارن و شایەتی ئەوەن کە لە شاری کامێراندا نەبووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی جەواهیری، پووریا لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە بارەگای "شارمفەر"ی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە و جەستەی بەسەختی ئازاری بینیوە.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ لە ماوەی نزیک بە پێنج مانگی ڕابردوودا پووریا جەواهیری جیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوە، ڕێگەی پێ نەدراوە لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریدا چاوپێکەوتنی هەبێت و هەروەها لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و هەنووکەش بە سیناریۆسازی و دۆسیەسازی، تۆمەتی "موحارەبە" دەدەنە پاڵی.