مانگرتنی لاوێکی سەقزی لە بەندیخانە؛ ئەشکەنجە و دەستبەسەردکردن بەهۆی دادخوازیی خوێنی باوکییەوە

سۆران ڕەحیمی، خەڵکی شاری سەقز کە نزیک بە چوار مانگە بە تۆمەتگەلێکی دیاریکراوی داتاشراو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر ک

٢٥ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٩:٠٧


هەنگاو: هەینی، ٢۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣
سۆران ڕەحیمی، خەڵکی شاری سەقز کە نزیک بە چوار مانگە بە تۆمەتگەلێکی دیاریکراوی داتاشراو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، لە ماوەی ڕابردوودا مانی لە خواردن گرتووە و بۆ وازهێنانی ناوبراو لە دادخواریی خوێنی باوکی کە لەلایەن هێزەکان حکوومەتەوە کوژراوە، لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکاندایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١١ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، سۆران ڕەحیمی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە نیشتانەی ناڕەزایەتی لەسەر دەستبەسەرکردنی ناڕەوای خۆی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، لە بەندیخانەی حکوومەت لە نەغەدە مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندیخانەی حکوومەت لە نەغەدە بووراوەتەوە و بەو حاڵەشە نە بۆ دەرمانگەی بەندیخانە گواستراوەتەوە و نە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە و هەروەها محەممەدی، بەرپرسی ئەو بەندیخانەیە پێشگیریی لە چارەسەریی دەرمانیی ئەو بەندکراوە کردووە.


شایانی باسە کە بەڕێوەبەریی ئاگاهیی حکوومەت لە پیرانشار لە هەوڵدایە کە بە دۆسیەسازی تۆمەتێکی دیکە بداتە پاڵ سۆران ڕەحیمی و دۆسیەیەکی دیکەی بۆ بکاتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە هەنووکە دۆسیەکەی ناوبراو سکاڵاکەری لەسەر نییە، بەڕێوەبەریی ئاگاهی لەسەر هەوڵەکانی بۆ دۆسیەسازی و تۆمەتباکردنی سۆران پێداگر و بەردەوامە.


ئەو سەرچاوەیە لەم پێوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ١٠ ساڵ پێش حەیدەر ڕەحیمی، باوکی سۆران لە شاری مەراغە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە و ئێستەش بە مەبەستی ئەوەی سۆران سکاڵای خۆی لەسەر هێزەکانی ئاگاهی لە بارەی کوژرانی باوکی وەرگرێتەوە، بەردەوام لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی ئەو هێزانەدایە.


سۆران ڕەحیمی، لە مانگی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئاگاهیی حکوومەت لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە و بەردەوام لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا بوو، پاشان بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە شاری نەغەدە گواستراوەتەوە و هەنووکەش هەر لەو بەندیخانەدایە.


جێی ئاماژەیە کە ئەو هاووڵاتییە دایکی نابینایە و پاس ئەوەی کە لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە، سەرپەرەستیی دوو منداڵەکەشی لە ئەستۆی ناوبراودایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە