کەماڵ لوتفی، ئەندامێکی بنەماڵەی دادخوازەکانی دێولان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی بانگی دادگا کرا

کەماڵ لوتفی، خەڵکی شاری دێولان و باوکی ڕەزا لوتفی، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە مەبەستی

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٥:٣٣

 

هەنگاو: سێشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

کەماڵ لوتفی، خەڵکی شاری دێولان و باوکی ڕەزا لوتفی، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە مەبەستی دادگاییکردن و پێڕاگەیشتن بەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی، بانگ کراوە. نابراو سەرەتای ئەمساڵ دوو مانگ و ١٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکاندا ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی شاری دێولان بە مەبەستی دادگاییکردن و پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" کە درابوویە پاڵی کەماڵ لوتفی، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکانی ئەو شارە، بۆ ئەو دادگایە بانگکراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کەماڵ لوتفی دەبێت بەرنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، سەردانی لقی ١٠٢ی دادگای دێولان بکات.

ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا ڕۆژی ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە بەندیخانەی کامێران مانی لە خواردن گرت و دوای ئەوەی جارێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەبێ تێپەڕاندنی ماوەی پێویستی چارەسەری، گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتەکانیدا بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەماڵ لوتفی، دوای گیانبەختکردنی کوڕەکەی لەژێر گوشاری چڕوپڕی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە. ئەو ئەندامەی بنەماڵەی دادخوازەکانی شاری دێولان، لە گرتەڤیدیۆیەکدا وێڕای ڕەتکردنەوەی چەواشە و وابێژیی ناوەندە حکوومەتییەکان کە دەیانوت کوڕەکەی بە دەستی "دژبەرانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی" کوژراوە، ڕایگەیاند؛ کوڕەکەی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە شەقامێکی شاری دێولان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی کامێران کرا.

پاشان دوای تێپەڕاندنی ٧٨ ڕۆژ لە دەستبەسەربوون، ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی کامێران ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە