جوانڕۆ/ لاپەڕەی تۆڕی ئینستاگرامی زانا فەتاحی، ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە دادخوازەکان، دوای بانگکرانی داخرا

لاپەڕەی ئینستاگرامی زانا فەتاحی، ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە دادخوازەکان لە جوانڕۆ و کوڕی جەوهەر فەتاحی، گیانبەختکردوی بزووتنەوەی ژن

٢٨ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٥٨


هەنگاو: سێشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لاپەڕەی ئینستاگرامی زانا فەتاحی، ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە دادخوازەکان لە جوانڕۆ و کوڕی جەوهەر فەتاحی، گیانبەختکردوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای بانگکرانی بۆ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، داخرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، زانا فەتاحی، خەڵکی جوانڕۆ ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگکراوە. ئەم ناوەندە حکوومەتییە لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەم لاوەیان داخستووە، مافی بەکارهێنان و هەبوونی چالاکی لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامیان لێ قەدەغە کردووە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە دوای ڕاگرتنی لاپەڕەی ئینستاگرامی زانا فەتاحی، وێنەی پرۆفایلەکەی بۆ ئاڵای کۆماری ئیسلامی گۆڕدراوە و ستۆرییەک بە لۆگۆی سوپای پاسداران و بەم نێوەڕۆکەوە: "بەپێی بڕیاری دادگا، ئەم لاپەڕەیە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی تاوانکارانە" داخرا" بڵاو کراوەتەوە.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێشتریش زانا فەتاحی بەهۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکارەکانەوە بەشێوەیەکی بەردەوام بانگکرابوو و هۆشداری پێدرابوو.

لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، جەوهەر فەتاحی، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دوو گیانبەختکردووی بەرخۆدانی جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران (سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان) لە شەقامی بێهداری جوانڕۆ کوژرا. هێزەکانی سوپا لەم ڕۆژەدا کەڵکیان لە چەکی ژێ-٣ و ڕەگبار وەرگرتبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە