دەستبەسەر کران و ناڕوونی چارەنووسی سەیاد دەروێشی ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانیشاری ئورمیە

سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی، لاوی گیان بەختکردووی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، نزیکی دوو هەفتەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٣:٣٨

 

هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی، لاوی گیان بەختکردووی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، نزیکی دوو هەفتەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری ئورمیە، دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، سەیاد دەروێشی، ئەندامی بنەماڵەی دادخواز لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری ئورمیە دەستبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو نییە.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی مانەوە و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ سەیاد دەروێشی لەبەر دەستدا نییە.

ئەم بنەماڵە دادخوازە لە خەرمانانی ٢٧٢٣ نزیک بوونەوە لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی کوڕەکەیاندا فەرجاد دەروێشی، چەندین جار هەڕەشەیان لێ کراوە و لە کۆتایشدا ڕێگری کراوە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لەسەر مەزارەکەیدا.

هەروەها بنەماڵەی فەرجاد دەروێشی، ماوەی پێشووتریش لە ژێر گوشاردا بوون، بۆ وەرگرتنی دیە و پاشگەزبوونەوە لە سکاڵاکەیان.

فەرجاد دەروێشی، تەمەن ٢٣ ساڵە، خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە شاری ئورمیە، شەوی سێ شەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢، لە شەقامی وەلیعەسری شاری ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندار بوو و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە