گواستنەوەی سەیاد دەروێشی، ئەندامێکی دەستبەسەرکراو لە بنەماڵەی دادخوازانی ئورمیە بۆ بەندیخانەی تەورێز
سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی، لاوی گیانبەختکردووی کورد لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کە سەرەتاکانی مانگی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلا
هەنگاو؛ شەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی، لاوی گیانبەختکردووی کورد لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کە سەرەتاکانی مانگی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ئورمیە دەستبەسەرکرابوو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا سەیاد دەروێشی، ئەندامی بنەماڵەی دادخواز لە ئورمیە، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ بەندیخانەی تەورێز گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەیاد دەروێشی لە ماوەی نزیک بە یەک مانگ و نیو لە دەستبەسەرکردنەکەیدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش کرابوو و تەنیا یەک پەیوەندی تەلەفۆنیی کورتماوەی بووە و ڕایگەیاندووە بۆ بەندیخانەی تەورێز گواستراوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ سەیاد دەروێشی و هەروەها بارودۆخی ڕاگرتنی، زانیارییەکی تازە لەبەر دەستدا نییە.
بنەماڵەی دادخوازی فەرجاد دەروێشی، مانگی خەرمانانی ٢٧٢٣، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی گیانبەختکردنی کوڕەکەیان، هەڕەشەیان لێکرابوو و لە ئاکامدا لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لەو لاوە گیانبەختکردووە لەسەر گڵکۆکەی، ڕێگری کرا. هەروەها جارێک پێشتریش واتە ساڵی ڕابردوو، بۆ وەرگرتنی دیە و پاشگەزبوونەوە لە سکاڵاکەیان، گوشاریان خرابووە سەر.
فەرجاد دەروێشی، تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە شاری ئورمیە، ئێوارەی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە شەقامی وەلیعەسری ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندارکرا و لە کاتی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لە دەستدا.