دەقی نامەی کۆمەڵێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان بۆ کۆنفرانسی میونشن (مۆنیخ )

لانی کەم ١٥ بنەماڵەی دادخوازی کوردستان لە نامەیەکی هاوبەشدا لە ڕێگەی مەسیح عەلینژاد داوایان لە کۆنفرانسی میونشن کردووە کە: "سەبارەت بە شە

٣٠ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٨:٣٠

 

هەنگاو: دووشەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

لانی کەم ١٥ بنەماڵەی دادخوازی کوردستان لە نامەیەکی هاوبەشدا لە ڕێگەی مەسیح عەلینژاد داوایان لە کۆنفرانسی میونشن کردووە کە: "سەبارەت بە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی و تیرۆریزمی دەوڵەتی لە ئێراندا ڕاشکاوانە و لێبڕاوانە هەڵوێستی جددی و ڕوونی خۆیان هەبێت".

هەروەها، ئەمجەد ئەمینیباوکی ژینا ئەمینی، لە پەیامێکی جیا و داوای کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار بکرێتەوە کە بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە کاتی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆڤ، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە چوونە دەرەوەیان لە ئێران لێ قەدەغە کرابوو.

لە کۆنفرانسی ئەمنییەتیی میونشن کە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوە چوو، کۆماری ئیسلامی بانگهێشت نەکرا و نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە لیستەی بەشداربوواندا سڕدرایەوە. مەسیح عەلینژاد، وەک چالاکێکی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووس بانگهێشت کرا و پانێڵێکی بە ناونیشانی "ڕاپەڕیوان" پێشکەش کرد کە لە ناوەڕۆکی باسەکەیدا ئاماژەی بە پەیامی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی ئازیزانیان لەدەست داوە، بەڵام هێشتا خوازیاری بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانن".

هەروەها لە نامەکەدا باس لە کوژرانی حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا کراوە کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارەدراون و باس لەوەش کراوە کە تەنانەت تەرمی ئەو بەندکراوە سیاسییانەش ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

شایانی باسە کە مەسیح عەلینژاد، لە ڕاپۆرتێکدا کە لەم پەیوەندییە و لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە؛ پەیامی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستانی گەیاندووەتە نوێنەری وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا.

 

دەقی نامەکەی ئەو ١٥ بنەماڵە داخوازەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان کە کۆپییەکی بە هەنگاو گەیشتووە، بەم شێوەیەیە:

ئەمە پەیامی بەشێک لە بنەماڵەی داخوازەکانی کوردستانە لە ئێرانەوە بۆ کۆنفرانسی میونشن. لە کاتێکدا دڵخۆشین کە کۆنفرانسی میونشنی ئەمساڵ کۆماری ئیسلامیی پەراوێز خستووە، دەمانەوێت سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران ڕابکێشین.

کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرکوتکردنی شۆڕشی ژینا لە شەقامەکان، لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان لە سایەی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانیدا بەردەوام خەریکی کوشتن و بڕینی خەڵکە. دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردەوە هەڵوێستی جددی و ڕوونی هەبێت و ڕاشکاوانە و لێبڕاوانە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئەو هەڵوێستە دەربڕێت. دووهەم؛ ئێمەی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستان کە زۆربەمان منداڵەکانمان لەلایەن سوپای تیرۆریستیی پاسدارانەوە کوژراون، داواکارین کە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دژکردەوەی جیددییان بەرانبەر بەم تیرۆریزمە دەوڵەتییەوە هەبێت.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بەندکراوی دیکەی بە تۆمەتی چەواشەکارانەی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل کوشتووە کە حەوت کەسیان بەندکراوی سیاسیی کورد بوون؛ تەنانەت تەرمی بێ گیانی ئەو ئازیزانەشمانی پێ نەدراوەتەوە. دەبێت لەوە زیاتر چیی دیکە بکرێت تاکوو جیهانی دیموکراسی وەک ئێمەی بنەماڵەی یەکگرتووی دادخوازەکان بەرانبەر ئەم سیستەمە خوێنڕێژ و خوێنمژە بوەستێتەوە؟

 

واژۆکرانی نامەکە:

١- عەزیمە حەسەنزادە، دایکی محەممەد حەسەنزادە.

٢- ساحیبە وەیسی، دایکی پەیمان مینبەری.

٣- فاتمە مورتەزەوی، دایکی داریوش عەلیزادە.

٤- سەحەر زەندی، دایکی ئاریان خۆشگوار.

٥- مەرزیە ڕەزایی، دایکی موحسین نیازی.

٦- کولسووم شاوەیسی، دایکی ئارام حەبیبی.

٧- ئارەزوو حوسێنی، دایکی هوومەن عەبدوڵڵاهی.

٨- هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی.

٩- قەدەمخێر میرزایی، دایکی یەحیا ڕەحیمی.

١٠- ئێران قوربانی، هاوژینی حەبیبوڵڵا فەتحی.

١١- نەسرین ئەحمەدی، دایکی زانیار ئەڵڵامورادی.

١٢- سۆیبه ئەمینی، دایکی محەممەد شەریعەتی.

١٣- فاتمە شەریفی، دایکی شاهۆ بەهمەنی.

١٤-عایشە ئەمینی، دایکی محەممەد ئەمینی.

١٥- فاتمە حەکیمی، دایکی عیسا بیگلەری.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە