بەردەوامیی هێرشی کیمیاییی بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان و هێرش بۆ سەر ١٩ قوتابخانە

لە درێژەی هێرشە بەرنامەداڕێژراوە کیمیایییەکان بۆ قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران، ئەمڕۆ لانی کەم هێرش کراوەتە سەر ١٩ قوتابخانە لە شارەکانی؛ تاران (۵ قوتابخانە)،

٢٩ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢١:١٠


هەنگاو: سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣


لە درێژەی هێرشە بەرنامەداڕێژراوە کیمیایییەکان بۆ قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران، ئەمڕۆ لانی کەم هێرش کراوەتە سەر ١٩ قوتابخانە لە شارەکانی؛ تاران (۵ قوتابخانە)، کرماشان (٤ قوتابخانە)، سەقز (٣ قوتابخانە) ، ئەحواز و ئیسلامشار (هەر کام دوو قوتابخانە) و هەروەها ئەردەبیل، کەرەج و ئورمیە (هەر کام قوتابخانەیەک).


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٨ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانە کچانەکانی قیاس، ئەبرار، شوهەدای مەکی، پەردیس و شاهێد لە شاری تاران.


لەم پێوەندییەدا بەڕێوەبەری قوتابخانەی "شاهێد"ی تاران بۆ ماوەی دوو کاتژمێر قوتابییەکانی لە پۆلەکانی خوێندندا هێشتووە و دەرگای پۆلەکانیشی داخستووە و نەیهێشتووە بێنە دەرەوە یان پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.


لە درێژەی ئەم هێرشە بەرنامەداڕێژراوانەدا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەکانی دواناوەندیی عسمەتییە، سەرەتایی دانا (نەسر) قوتابخانەی عفەت لە دەوڵەتاوا و قوتابخانەی سەرەتاییی فەرشادفەر لە دادگوستەریی ئیلاهیەی شاری کرماشان.


لە شاری ئیسلامشار سەر بە پارێزگای تاران، قوتابخانەی سایپا کراوەتە ئامانجی ئەو هێرشانە و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ئەو شارە گواستراونەتەوە. هەروەها قوبخانەی "نیایش"یش لەو شارە کراوەتە ئامانجی هێرشە کیمیایییەکان.


هەروەها هێرش کراوەتە سەر قۆتابخانەی کچانەی کەوسەر لە جووتسایدی کوردستانی شاری سەقز و قوتابخانەی دواناوەندیی ئیمان و قوتابخانەی کوڕانەی سەرەتایی تورکمانی ٢لەو شارە، لەو سێ هێرشەدا کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.


لە دوو هێرشی دیکەدا لە شاری ئەحواز، قوتابخانە کچانەکانی کەوسەر و ستایش کراونەتە ئامانج و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.


هەر لە دێژەی ئەم ڕەوتەدا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی تەزهیب لە شاری کەرەج، قوتابخانەی کچانەی بەهاران لە ئەردەبیل و قوتابخانەی دواناوەندیی هەدەف لە گۆڕەپانی "دایک"ی شاری ئورمیە، لە هێرش بۆ سەر قوتابخانەی ئەم شارانەشدا کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.


لە هێرش بۆ سەر قوتابخانەی هەدەف لە شاری ئورمیە، زیاتر لە ٢٠ قوتابی کە نیشانەکانی ژاراویبوون و کێشەی هەناسەکێشانیان هەبووە، بە سێ ئەمبوڵانسی بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.


ڕۆژی ڕابردووش (دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوە)، لانی کەم ٢٠ قوتابخانەی ئێران و کوردستان کراونەتە ئامانج.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە