گواستنەوەی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی دێلۆڕان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لەو شارە
سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێلۆڕان سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی عەزیم یادگاری، فەرشاد ئایینی و حوسێن باپیروەند، لە بەندیخانەی ن
هەنگاو: چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣
سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێلۆڕان سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی عەزیم یادگاری، فەرشاد ئایینی و حوسێن باپیروەند، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئیلام بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە دێلۆڕان گواستراونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەعەدوڵڵا ئایینی، یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خەڵکی دێلۆڕان هەر لە دەستبەسەرگەی حکوومەت لە شاری ئیلام ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێلۆڕان بە ناوەکانی عەزیم یادگاری، فارشاد ئایینی و حوسێن باپیروەند، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئیلام بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری دێلۆڕان گواستراونەتەوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سەعەدوڵڵا ئایینی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لەسەر بارودۆخی خۆیان و ناڕوونی چارەنووسیان و نوێکردنەوەی ماوەی دەستبەسەربوونیان بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە لەو بەندیخانەیە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و مانیان لەخواردن گرتبوو.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ گواستنەوەی ئەو سێ بەندکراوە بە بڕیاری شوورای دابینکردنی تەناهیی فەرمانداریی شاری دێلۆڕان بووە و ئەو بڕیارەش ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوە دراوە.
هەروەها سەعەدوڵڵا ئایینی، بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکاندایە.
خەڵکی شاری دێلۆڕان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەسەر دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، لە پێش بینای فەرمانداری و دادگوستەریی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەو ناڕەزایەتییانەیان بۆ شەقامەکانی شار گواستووەتەوە و داوای ئازادیی بێمەرجی ئەو چوار هاووڵاتییەیان کردووە.
ئەو چوار کەسە، شەوی سێشەممە، ٢۵ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣) لەلایەن هێزە حکوومەتییە جێگیرکراوەکان لە شاری دێلۆڕان ڕفێندراون و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام گواستراونەتەوە.