بەردەوامیی هێرشە کیمایییەکان و داواکاریی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ بەدواداچوونی سەربەخۆ
هێرشە کیمیاییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان هێشتا بەردەوامە و ئەمڕۆش هێرش کراوەتە سەر ١٠ قوتابخانە لە شارەکانی تاران، ئورمیە، هەمەدان، قەزوین، سەق
هەنگاو: چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣
هێرشە کیمیاییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان هێشتا بەردەوامە و ئەمڕۆش هێرش کراوەتە سەر ١٠ قوتابخانە لە شارەکانی تاران، ئورمیە، هەمەدان، قەزوین، سەقز، دیزفوول و ئەردەبیل، هەر لەم پەیوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەدا خوازیاری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی سەربەخۆیە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، سێ هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر دوو قوتابخانەی ناوەندیی کچانەی "نەسیری" و "ئەبوزەر" و هەروەها قوتابخانەی کچانەی "نەسیم" لە شاری ئورمیە و بەم هۆیەوە زیاتر لە ۵٠ قوتابی ژاراوی بوون و بۆ بەشی فەریاکەوتنی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ئەو شارە گواستراونەتەوە.
هاوکات هێرش کراوەتە سەر قوتابخانە کچانەکانی "ئومەت" و "یەحیا"ی تارانپارس لە باکووری ڕۆژاوای شاری تاران و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.
هەروەها هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی "چەمران" لە شاری هەمەدان و کۆمەڵێکی زۆر قوتابی ژاراوی بوون.
لە هێرشێکی جیاوازدا بۆ سەر قوتابخانەی کچانەی "پیشتازان"ی شاری دیزفوول، قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە ژاراوی بوون. شایانی باسە کە لە کاتی هێرش بۆ سەر ئەو قوتابخانەیە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سەرەڕای سڕینەوەی فیلم و وێنەی ئەو تاوانە لە مۆبایلی قوتابییەکاندا، ڕێگەی بە بنەماڵەکانیشیان نەداوە بێنە ناو قوتابخانەکە و منداڵەکانیان ببنەوە بۆ ماڵ.
هەر لە درێژەی ئەم هێرەشە بەرنامەداڕێژراوانەدا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی "کەوسەر" لە جووتسایدی کوردستانی شاری سەقز و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.
لە ڕەوتی ئەم هێرشانەدا، هێرش کراوەتە قوتابخانە کچانەکانی "مەعسوومەی پەرویز" لە شاری قەزوین و "بەهاران" لە شاری ئەردەبیل، لەم هێرشەدا قوتابییان ژاراوی بوون.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە پەیوەندی بە هێرشە بەرنامەداڕێژراوەکان لە کوردستان و ئێران بۆ سەر قوتابییان، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو هێرشانە مافی خوێندن و تەندرووستی و تەنانەت گیانی کچانی قوتابیی کردووەتە ئامانج، داوا دەکات بە شێوەی سەربەخۆ لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکات.
لە بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو هێرشە زەنجیرەی و بەرنامەداڕێژاوەکان بە جۆرێک "هەڵمەتێکی هاوئاهەنگ و بەرنامەداڕێژراوە بۆ ژاراویکردی قوتابییان".