پەرەسەندنی نیگەرانییەکان دوای پێنج مانگ لە بێسەروشوێنبوونی عوسمان مامە

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ لە ڕفاندنی عوسمان مامە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، نیگەرانییەکان لەسەر بێسەروشوێنبوون و ناڕ

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١١:١٨


هەنگاو: شەممە، ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ لە ڕفاندنی عوسمان مامە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، نیگەرانییەکان لەسەر بێسەروشوێنبوون و ناڕوونیی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە زیاتر بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عوسمان مامە، تەمەن ۵۵ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە و بێسەروشوێنە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مامە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە و کەسوکاری عوسمان مامە، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ ناوەند و ڕێکخراو و ئۆرگانێکی حکوومەتی لەسەر چارەنووسی ناوبراو ئامادەی وەڵامدانەوە بەو بنەماڵەیە نەبوون و هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو بنەماڵەیە زیاتر نیگەران ببن.

کاتێک بەرپرسانی حکوومەتی لەسەر چارەنووسی عوسمان مامە ئامادەی وەڵامدانەوەی بنەماڵەکەی نین و هیچ زانیارییەک نادرکێنن؛ کەواتە خەریکن تاوانی "بێسەروشوێنکردنی نایاسایی"ی ناوبراون کە ئەمەش بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بە تاوان هەژمار دەکرێت.

ئەو هاووڵاتییە شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣) لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.

ناوبراو لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەگرتووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافە سەرەتایییەکانی دیکە بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە