دوای چوار مانگ لە دەستبەسەرکران چارەنووسی وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر هەروا ناڕوونە؛ لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە

وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر، لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی جەماوەریی پیرانشار، سەرەڕای ئەشکەنجە و ناڕوونی چارەنووسی

٤ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٥:٠٠


هەنگاو: دووشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر، لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی جەماوەریی پیرانشار، سەرەڕای ئەشکەنجە و ناڕوونی چارەنووسی چوارەمین مانگ لە دەستبەسەرکرانی تێدەپەڕێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر، خەڵکی پیرانشار لە کاتێکدا کە لەژێر ئەشکەنجەدا زیان بە گورچیلە و میزڵدانی گەیشتووە، چوارەمین مانگ لەدەستبەسەرکرانی لە بەندیخانەی نەغەدە تێدەپەڕێنێت.

هەنگاو زانیویەتی کە، دوای بەڕێوەچوونی چەند خولێکی دادگاییکردنی ناوبراو لە دادگای شۆڕشی ئورمیە بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواستراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجە و گوشارێکی زۆردابووە و ناچار لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بەو شتانەدا ناوە کە لەلایەن ئیتلاعاتەوە بۆی نووسراوە. بەڵام دواتر ئەم هاووڵاتییە لە دادگادا ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەو دانپێدانانەی لە ڕاستای ڕێبەریکردنی خۆپیشاندانەکان و هێرش بۆسەر ماڵی ئەندامانی سوپای پاسداران، لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر لە هەموو ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، لە مافی هەبوونی پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و مافە سەرەتاییەکانی دیکە بێبەریبووە.

وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر لە ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لە بەرانبەر ئازادکردنی باوکی کە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە بارمتە گیرابوو، خۆی ڕادەستکردبوو کە ڕاستەوخۆ بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترابووەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە