دەستپێکردنەوەی هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان؛ ١٠ قوتابخانەی دیکە لە چوار شار کراونەتە ئامانج

لە درێژەی هێرشی کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، هێرش کراوەتە سەر ١٠ قوتابخانە لە شارەکانی سنە، هەمەدان، کەرج و

٤ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٩:١٩


هەنگاو: دووشەممە، ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

لە درێژەی هێرشی کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، هێرش کراوەتە سەر ١٠ قوتابخانە لە شارەکانی سنە، هەمەدان، کەرج و تاران و دەیان قوتابی ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٣) پێنج هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی قۆناغە جیاوازەکان لە شاری سنە و کۆمەڵێکی زۆر قوتابی ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.


لە درێژەی ئەم هێرشانەدا قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "نەسیبە"ی شاری سنە کە حەفتەی ڕابردوو هێرش کرابوویە سەری، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هێرش کراوەتەوە سەری ئەو قوتابخانەیە.


هەروەها قوتابخانە دواناوەندییە کچانەکانی "مائدە" و "مەستوورە ئەردەڵان"ی شاری سنە کراونەتە ئامانجی ئەم هێرشانە و هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەکانی "عیسمەت" و "میعراج" لە شارۆچکەی حەسەناوای شاری سنە و لانی کەم ٢٠ قوتابی ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.


هاوکان هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "فاتمەی پزیشکی" و قوتابخانەی کچانەی "٢٢ی بەهمەن" لە مهرشاری کەرەج و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.


لە ڕەوتی هێرشەکانی ئەمڕۆدا هێرش کراوەتە سەر پەیمانگەی کچانەی "فاتمە" و قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "جاویدلئەسەر" لە شاری هەمەدان و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.


هەروەها هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "فەسایینژاد"ی شاری تاران و کۆمەڵێک قوتابی ژاوای بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.


لە ڕاپۆرتی پێشووی هەنگاو کە ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە لەم پەیوەندییەدا بڵاو کراوەتەوە هاتووە؛ لە درێژەی هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکاندا هێرش کراوەتە سەر چەندین قوتابخانەی شارەکانی تاران، ئورمیە، هەمەدان، قەزوین، سەقز، دیزفوول و ئەردەبیل.


شایانی باسە کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای ئەوەی ئەو هێرشانەی بە "هەڵمەتێکی هاوئاهەنگ و بەرنامەداڕێژراو بۆ ژاراویکردنی قوتابییان" لەقەڵەم داوە، لەم پەیوەندییەدا خوازیاری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی سەربەخۆ بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە