ڕەخنەی هەنگاو لە کردار و ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستاندا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو نەک تەنیا پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووماڵ دەکات، بەڵکوو هەمیشە ڕەخنەی لە کرداری ڕێکخراوەکانی (نا

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢٢:٥١


هەنگاو: سێشەممە، ۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو نەک تەنیا پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووماڵ دەکات، بەڵکوو هەمیشە ڕەخنەی لە کرداری ڕێکخراوەکانی (ناحکوومەتی) مافی مرۆڤ هەبووە، بەتایبەت ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤیانەی کە بەشی تایبەت بە ئێرانیان هەیە.

ڕاپۆرتە داڕێژراوەکانی ئەو ڕێکخراوانە بە شێوەی سیستەماتیک پێڕەوی لە بۆچوون و ڕابردووی سیاسیی کارناسانی ئێرانی ئەو ڕێکخراوانە دەکەن و چاوپۆشییان لە دۆخی ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا کردووە و کەمتر پێشێلکارییە لەڕادەبەدەرەکانی مافی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستان چاودێری، ڕووماڵ و بڵاو دەکەنەوە. لەم پەیوەندییەدا بەردەوام میتۆدۆلۆژیی لێکۆڵینەوە و بەداداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەکانی ئەو ڕێکخراوانە بەتەواوەتی کەموکوڕییان پێوە دیارە.

هەنگاو وەک یەکێک لە سەرەکیترین و چالاکترین چاوەدێران و ڕیپۆرتێرانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان کە ڕۆژانە چاودێریی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا دەکات، بەردەوام ئەم کەموکوڕییەی بەو ڕێکخراوانە ڕاگەیاندووە، بەڵام بە هۆکارگەلێکی ناڕوونەوە هێشتا نکۆڵی لە ڕاستییەکانی دۆخی مافی مرۆڤی ڕاستەقینەی کوردستان دەکەن.

یەکێک لەم ڕێکخراوانە کە ڕەخنەی لەسەرە، ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ و بەشی تایبەتی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ ئێرانە. ئەو ڕێکخراوەیە لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا لەسەر ئازار و ئەشکەنجەی منداڵان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە هەموو ئەو ئامار و ڕاپۆرتە پەیوەندیدارانەی کە لەلایەن "هەنگاو"ەوە بڵاو بوونەتەوە نەکردووە و بەتەواوەتی پشتگوێی خستووە.

ئێمە وەک یەکێک لە سەرەکیترین و چالاکترین ڕێکخراوەکانی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستان، ئەم شێوەیە کردارەی ئەو ڕێکخراوەیەی مافەکانی مرۆڤ بە سیستەماتیک و کینەیی لەقەڵەم دەدەین و داخوازین کە پێداچوونەوەیەک بە کردەوە و چالاکییەکانیاندا بکەن.

هەنگاو بەردەوام ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراو و ناوەند و سازییەکانی مافی مرۆڤ نابێت هەڵاواردن و جیاکاری بکەن، بەڵام لەلایەن بەشی ئێرانی ئەو ڕێکخراوەیەوە بە زۆر هۆکاری سیاسی - مێژوویییەوە پێشێلکاریی لەڕادەبەدەر و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان کەمتر لە دۆخی ڕاستەقینەی خۆی ڕووماڵ کراون و بڵاو کراونەتەوە.


لەم پەیوەندییەدا دەتوانن ڕاپۆرتە بەڵگەنامەیییەکانی نووسینگەی یاساییی هەنگاو سەبارەت بە پێشێلکاریی مافەکانی منداڵان لە کوردستان بخوێننەوە کە لەلایەن ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (بەشی ئێران) ەوە نکۆڵیی لێ کراوە و پشتگوێ خراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە