هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکان درێژەی هەیە و ٧ قوتابخانەی دیکە کراونەتە ئامانج

لە نوێترین هێرشی کیمیاییی بەرنامەداڕێژراو بۆ سەر قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێران، ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر ٧ قوتابخانەی دیکە لە شارەکانی چابەهار، س

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢٠:٥٣


هەنگاو: چوارشەممە، ۶ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

لە نوێترین هێرشی کیمیاییی بەرنامەداڕێژراو بۆ سەر قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێران، ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر ٧ قوتابخانەی دیکە لە شارەکانی چابەهار، سەقز، سنە، بۆکان، مەشهەد و گورگان و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ۶ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢۶ی ئەپریلی ٢٠٢٣) هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەکانی سەرەتاییی کچانەی "تەقیزادە" و دواناوەندیی کچانەی "ڕێحانە" لە ناوچەی کەمب سەر بە شاری چابەهار لە پارێزگای سیاستان و بەلووچستان.

بەهۆی ئەم هێرشەوە کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییانی ئەو دوو قوتابخانەیە ژاراوی بوون و بە نشانەگەلێکی وەک ڕشانەوە، بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی "ئیمام عەلی" لە چابەهار گواستراونەتەوە.


لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، قوتابخانەی "ئەسمائـ" لە شارۆچکەی فەرهەنگیانی شاری بۆکان کراوەتە ئامانج و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون. لە کاتی ئەم هێرشەدا بەڕێوەبەریی ئەو قوتابخانەیە دەرگای قوتابخانەکەی بەسەر قوتابییاندا داخستووە و نەیهێشتووە قوتابییان بچنە دەرەوە.


هەر ئەمڕۆ هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابیخانەی سەرەتاییی "ئیستقلالی ٢" لە شاری سەقز و کۆمەڵێک قوتابی بەهۆی ژاراویبوونەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.


لە ڕەوتی هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکاندا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "مونفەسەل"ی شارۆچکەی سەڵواتاوای سەر بە شاری سنە و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.


هاوکات هێرشی کیمیایی کراوتە سەر قوتابیخانەی دواناوەندیی کوڕانەی "شاهد" لە شاری گورگان و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون و بە نیشانەگەلێکی وە کوخە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.


هەورەها ئەمڕۆ هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر پەیمانگەی کچانەی "مەهدیزادەنیا" لە ناوچەی قاسماوای شاری مەشهەد و کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە ژاراوی بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە