کوشتنی سێ کەس بە پاساوی شەرەف لە گوندێکی شاری خۆی لە ماوەی دوو حەفتەدا
ژنێک بە ناوی شێریڤان هادیزادە و ئامۆزاکەی بە ناوی حوسێن هادیزادە، خەڵکی شارەدێی ئەلەند سەر بە شاری خۆی، لەلایەن هاوژینەکەی ش
هەنگاو: شەممە، ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
ژنێک بە ناوی شێریڤان هادیزادە و ئامۆزاکەی بە ناوی حوسێن هادیزادە، خەڵکی شارەدێی ئەلەند سەر بە شاری خۆی، لەلایەن هاوژینەکەی شێریڤانەوە بە پاساوی شەرەف و نامووس کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە گوندی "قەزەڵئاخ"ی سەر بە شارەدێی ئەلەند لە شاری خۆی، ژنێکی لاو بە ناوی شێریڤان هادیزادە و تەمەن ٢٤ ساڵ، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی مستەفا هادیزادە، بە چەک کوژراوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو ژنە لاوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە پاساوی شەرەف و هاوکات لەگەڵ ئامۆزایەکی شێریڤان بە ناوی حوسێن هادیزادە، کوژراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "مستەفا هادیزادە"ی بکوژ، ئەندامی چەکداری سوپای پاسدارانە و بە چەکی سوپا هاوژینەکەی و ئامۆزای هاوژینەکەی کوشتووە و تاکوو ئێستاش ناوەندە حکوومەتییەکان ناوبراویان دەستبەسەر نەکردووە.
شایانی باسە کە ژنێکی دیکەی هەر خەڵکی ئەو گوندە بە ناوی مریەم سولەیمانی و تەمەن ٢٨ ساڵ، ڕۆژی ٢۵ی خاکەلێوە، بە پاساوی شەرەف لەلایەن باوکی و براکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.