هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا
ئەحمەد غوڵامی، خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی و بڕیاری دادگا، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان دەستبەسەرک
هەنگاو: سێشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
ئەحمەد غوڵامی، خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی و بڕیاری دادگا، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١ی مەی ٢٠٢٣) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بانە بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەحمەد غوڵامی لە گوندی "سیوچی خواروو" و ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی حکوومەت سەرەڕای دەستبەسەرکردنی ئەحمەد غوڵامی، ماڵی ناوبراویان پشکنیووە و تێکداوە و هەروەها دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی تایبەتی ناوبراودا گرتووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەحمەد غوڵامی لەبەردەستدانییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی بە ناڕوونی ماوەتەوە.