نوێترین شەپۆلی هێرشە کیمیاییە سیستامتیکەکان بۆ سەر قوتابییان؛ تۆمارکرانی ٥ حاڵەت لە یەک ڕۆژدا
شەپۆلی هێرشە کیمیاییە سیستماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان درێژەی هەیە و پێنج قوتابخانە لە شارەکانی سنە، بانە، کرماشان و تاران کرانە ئامانج و ژمارەیەک قوتابی بە
هەنگاو: سێشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
شەپۆلی هێرشە کیمیاییە سیستماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان درێژەی هەیە و پێنج قوتابخانە لە شارەکانی سنە، بانە، کرماشان و تاران کرانە ئامانج و ژمارەیەک قوتابی بەهۆیەوە ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢ی مەیی ٢٠٢٣) لە ئەنجامی هێرشە کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچانەی فەسایینژاد و مەیعاد لە شاری تاران، ژمارەیەک قوتابی ژەهراوی بوون.
بەگوێرەی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لەم دوو هێرشە، قوتابییان پۆلەکانی خوێندنیان جێهێشتووە و چوونەتە ناو حەوشەی قوتابخانە و هەروەها دایک و باوکی ئەم قوتابییانە لەپێش دەم دەرگای قوتابخانەکاندا کۆبوونەتەوە.
هاوکات لە شاری سنە، هونەرستانی کچانەی کیمیا کراوتە ئامانجی ئەم هێرشە کیمیاییانە و لانی کەم ٦ قوتابی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.
لە درێژەدا هێرشی کیمیایی کراوتە سەر قوتابخانەی کچانەی ئیلاهییە لە کرماشان. لەکاتێکدا نیشانەکانی ژاراوی بوونی قوتابییەکان لە پەرەسەندندا بووە، هێزەکانی پۆلیس بەپەلە چوونەتە ئەو قوتابخانە و هەڕەشەیان لە قوتابییان کردووە.
قوتابخانەی کچانەی ساڵح عەلی محەممەدی لە شاری بانە، یەکێکی دیکە لە قوتابخانانەیە کە هێرشی کیمیایی کراوتە سەر و ژاراوی بوونی قوتابییانی لێکەوتووەتەوە.
ڕۆژی ڕابردوو، دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لانی کەم ٧ ناوەندی خوێندن لە شارە جیاوازەکانی سەقز، کرماشان، تاران، هەرسین و کەرەج کراونەتە ئامانجی ئەم هێرشانە.