ژمارەی لە سێدارەدراوانی بەندیخانەی ئورمیە بوون بە دوو کەس بەرز بوویەوە
بە ئاشکرابوونی ناسنامەی بەندکراوێکی دیکەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ناوی بێهزاد پوورحەنیفی، ژمارەی لەسێدارەدراوانی ڕۆژی ڕابردوو لەو بەندیخانەیە بوون بە دو
هەنگاو: شەممە، ١۶ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
بە ئاشکرابوونی ناسنامەی بەندکراوێکی دیکەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ناوی بێهزاد پوورحەنیفی، ژمارەی لەسێدارەدراوانی ڕۆژی ڕابردوو لەو بەندیخانەیە بوون بە دوو کەس و چارەنووسی سێ بەندکراوی دیکە کە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە هێشتا ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرەلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١۵ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (۵ی مەیی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی بێهزاد پوورحەنیفی، بەندکراوی تورکی خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی حکوومەت لەو شارە جێبەجێ کرا.
ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیداری ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە ئورمیە گواستراوەتەوە و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
هەنگاو لە ڕۆژانی ڕابروودا هەواڵی جێبەجێکراونی سزای سێدارەی فەرامەرز شەخسی، بەندکراوی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت لە بەندیخانەی حکوومەت لە ئورمیە بڵاو کردەوە.
فەرامەرز شەخسی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە کە سێ ساڵی پێش بە تۆمەتی پەیوەندیداری ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە ئورمیە گواستراوەتەوە و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی بانەمەڕ، هاوکات لەگەڵ فەرامەرز شەخسی و بێهزاد پوورحەنیفی، سێ بەندکراوی دیکەی تورک کە ناسنامەی کەسێکیان بە ناوی مەهدی تەیمووری بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، لە بەندی گشتیی بەندیخانەی حکوومەت لە ئورمیە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواستراونەتەوە و هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.
ئەو بەندکراوانەش پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیداری ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.