ڕاپۆرتی چالاکیی ماڵیی هەنگاو لەسەر یارمەتیی ماڵی بۆ بریندارەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و پاش سەرکوتکردنی خوێناوی و دڕندانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شارە جیاواز

١٦ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٨:٤٧


هەنگاو؛ شەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و پاش سەرکوتکردنی خوێناوی و دڕندانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و بەتایبەت شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، سەقز، سنە و جوانڕۆ ژمارەی بریندارەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو زیادی کرد و هاوکات هێزە حکوومەتییەکانیش دەستبەجێ هەموو ناوەندە دەرمانییەکان و تەنانەت دەرمانخانەکانیان بە چڕوپڕی کۆنترۆڵ کرد. لە ئاکامی ئەم گوشار و کۆنترۆڵکردنە نامرۆڤانەیەدا دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانی بریندارەکان لەڕادەبەدەر دژوار بوو، تەنانەت بە شێوەیەک بوو کە کۆمەڵێک لە بریندارەکان ناچار بوون لە ماڵی خۆیاندا بە هاوکاری پزیشک و دکتۆرە بڕواپێکراوەکان تیمار و دەرمان بکرێن.

ئەو بارودۆخەی کە پێش هاتبوو، تێچووی تیمارکردن و دەرمانی بریندارەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر قورستر و گرانتر کردبوو و ژمارەیەکی بەرچاو لەو بریندارانە تەنانەت تواناییی دابینکردنی کەمترین تێچووی تیمارکردن و دەرمانەکانی خۆیان نەبوو.

لەم پەیوەندییەدا هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک بۆ ڕای گشتی، هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی و دارایی بۆ بریندارەکان دا.

بەخۆشییەوە ئەو بانگەوازە لەلایەن گشتیی خەڵک و بەتایبەت کوردستانی و ئێرانییەکانی تاراوگەوە، بەو متمانەیەی کە هەیانبوو بە هەنگاو، پێشوازییەکی باشی لێ کرا و لە ماوەی مانگێکدا بڕی نزیک بە ١٨ هەزار دۆلار خرایە سەر هەژماری بانکیی تایبەتی هەنگاو بۆ ئەو ئامانجەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کراوە.

ئەو یارمەتییانە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (٢٧٢٢) و لە پێنج قۆناغی جیاوازدا هاوکارانی ڕێکخراوی هەنگاو لە ناوخۆی وڵات و لە ڕێگەی کەسانی بڕواپێکراوەوە گەیەندراوە بە بریندارەکان.

پێویستە ئەوەش بگوترێت کە سەرەڕای هەڵکشان و داکشانی نرخی دراوەکان لە ئێران، ئەو یارمەتییانە بە تمەنی ئێرانی، بڕی ٨٩٩ ملیۆن بوون کە بەم شێوەی خوارەوەیە:
- بڕی ٣٢٠ ملیۆن تمەنی ئێران بۆ بریندارەکانی پارێزگای ئورمیە.
- بڕی ٢٢٨ ملیۆن تمەنی ئێران بۆ بریندارەکانی پارێزگای سنە.
- بڕی ٢٢٨ ملیۆن تمەنی ئێران بۆ بریندارەکانی پارێزگای کرماشان.
- بڕی ۵٠ ملیۆن تمەنی ئێران بۆ بریندارەکانی پارێزگای ئیلام.


یارمەتییەکان بە شێوەیەکی گونجاو و بەپێی هاوڕێژەییی ئاماری، هەبوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ ڕادەستکردنی ئەو بڕە دیارەکراوانە، چڕوپڕیی تێکهەڵچوونەکان و بەپێی ژمارەی بریندارەکان دابەش کراوە. هەموو قۆناغەکانی ئەو ئەرکە هاوکارانی هەنگاو خۆبەخشانە و بەبێ هیچ بڕە پارەیەک بۆ خۆیان جێبەجێیان کردووە و تەنیا بڕێکی دیاریکراو بۆ هاتووچۆی کەسانێکی باوەڕپێکراو و هەروەها هەندێک جاریش بڕێک پێداویستیی پێویست بۆ بریندارەکان دیاری کراوە و خەرج کراوە.


بەهۆی ڕەچاوکردنی بواری ئەمنییەتی، هەموو بەڵگەکانی ئەو چالاکییانە وەک بەڵگەنهێنیی هەنگاو پارێزراون و بەهۆی ئەوەی کە هەنگاو بەفەرمی لە ڕیزبەندی ڕێکخراوە تۆمارکراو و باوەڕپێکراوەکانی وڵاتی نۆروێژدا تۆمار کراوە، ڕاپۆرتێکی ئەم چالاکییەش دەدێتەوە بەو وڵاتە.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سوپاسی متمانەی هەموو لایەک دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە لەم پەیوەندییەدا درێژە بەم جۆرە چالاکییانەی خۆی دەدات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە