سزای یەک ساڵ بەندکردن بەسەر عیباد حەبیبی، چالاکی مەدەنی خەڵکی سنەدا سەپێندرا

عیباد حەبیبی، چالاکی مەدەنی و خەڵکی سنە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە هۆی ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆز سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

١٨ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢٣:٤٢


هەنگاو؛ دووشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

عیباد حەبیبی، چالاکی مەدەنی و خەڵکی سنە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە هۆی ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆز سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا عیباد حەبیبی، تەمەن ٣٠ ساڵ و چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپەسێردراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی "ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ساڵی ٢٧٢٢"، "بەشداری لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی حەیدەر قوربانی" و "بەکارهێنانی جامانە وەک هێمای حیزبی دێموکرات" سەپێندراوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە دانیشتنی دادگای عیباد حەبیبی بەشێوەی هاوبەش لەگەڵ موسلیم سەعیدپوور، چالاکی مەدەنی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" و دانیشتووی شاری سنە لە دادگای شۆڕشی ئەم شارە بەڕێوەچووە.

هەروەها موسلیم سەعیدپوور، لەم دادگایەدا بە تۆمەتی "ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵی ٢٧٢٢" سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە