بەندیخانەی مەهاباد؛ گواسترانەوەی بەندکراوێکی مانگرتوو لە خواردن بۆ شوێنێکی نادیار
ئیرەج سۆفی محەممەد دێشەمس، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد، کە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە بارودۆخی ڕاگیرانی لە بەندیخانەی ناوەندی
هەنگاو: یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
ئیرەج سۆفی محەممەد دێشەمس، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد، کە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە بارودۆخی ڕاگیرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە مانی لەخواردن گرتبوو، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٣ی مەیی ٢٠٢٣) ئیرەج سۆفی محەممەد دێشەمس، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد، لەکاتێکدا مانی لەخواردن گرتبوو لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی مەهابادەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.
ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا کە لە بەندیخانەی نیوە داخراودا خەریکی کاری ڕۆژانە بوو، ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ بە فەرمانی داواکاری گشتیی مەهاباد بۆ بەندیخانەی مەهاباد گواسترابووەوە و بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بەم بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەوە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ دەستی بە مانگرتن لەخوارد کردبوو.
سێ ساڵ پێش، ئیرەج سۆفی محەممەد دێشەمس، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە "ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە ئایینییەکان" لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و لە دوو ساڵ پێشەوە ماوەی ١٠ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی نیوە داخراودا تێدەپەڕێنێت.